٢١٣٨
✓ نالی
گەر دەپرسی من لەبەر چی کەم دەخۆم
من بە برسی قەت مەزانە غەم دەخۆم
ئاوی سوێری چاو و باری تاڵی لێو
سوێر و تاڵی دەم-دەم و ژەم-ژەم دەخۆم
تا سەری زوڵفت لەسەر ڕوو حەڵقە دا
من وەکوو ماری سەر ئاگر خەم دەخۆم
ئاوی کەوسەر نۆشی سۆفی بێ کە من
ئاوی ئینسان یەعنی ماچی دەم دەخۆم
شەربەتی خەوف و ڕەجای ئەغیار و یار
ترش و شیرین ھەم دەچێژم ھەم دەخۆم
من لە تەوری عالەم و دەوری فەلەک
زەربی لازیب زەخمی بێ مەرھەم دەخۆم
تاڵیی بێیار و دیار و تار و مار
عەلقەمی چی ئەرقەمی چی سەم دەخۆم
نەوعە ئینسانێ ھەیە غەم قووتیە
من غەمی خۆم و غەمی عالەم دەخۆم
غەم دەڵێ [نالی] کە غەمخواریم نەکا
ناعیلاجم من بەنی ئادەم دەخۆم
+ بڵاو کرایەوە لە 2016/9/19 ـدا کاتژمێر 0:34 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|