٤٦٥٦
✓ زاری (1905 - 1982)
دڵم، هۆشم، خەیاڵم، تالبی یەک لەحزە دیدارن
کە بێ دیدار هەر دەم هەمدەمی سەد ئێش و ئازارن
شەکەر بێ موشتەری، بێنرخە قەندی میسر هەر ئانێ
بە خەندە، لەعلی لێوی دڵبەرت سەرگەرمی گوفتارن
نیگاهێ کەی ئەکەی چاوم لە ئەحواڵی ئەوانەی وا
بە نووکی تیری برژانگی سیاهت سینە زەخمارن
بە سورمەی دڵبەری ئەو ڕۆژە چاوی ڕشت، ئەمن زانیم
بە هەر تیری موژەی جەمعێ لە هەر لاوە گرفتارن
بە قانوونی نزاکەت، شانە بۆ تەرتیبی زولفی چوو
گەڕاوە دی بە هەر تارێکی سەد وامق گرفتارن
لە حوسنی بێنەزیر و بێحەدت وا دێتە بەر چاوم
بە شەوقت نەک منی غەمدیدە سەدها سینە پڕخارن
نیگاهێکم تەمەننا بوو لە چاوی، چاوی لێ پۆشیم
خودا ئەو چاوە مەستانەی لە «زاری» بۆ چی بێزارن
+ بڵاو کرایەوە لە 2024/12/6 ـدا کاتژمێر 16:15 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|