✓ قانع (1898 - 1965)

هەر کەسێک شاهی پەرست بۆ ئاخری ڕیسوا دەبێ
دائیم و دەرهەم خەریکی مەخمەسە و غەوغا دەبێ

شاهیدی ئەم ئیددیعامە هەر لە شادا دیارییە
عەدڵی شاهی پەهلەوی کەی هەر وەکوو کیسرا دەبێ

خەرمەن و مەحسوولی کێوی بێستوون هەر ناڵە بوو
هەر کە تووی مەجنوون بکێڵێ فیرقەتی لەیلا دەبێ

نەفسەکەت شەهوەتپەرستە بێت و گوێچکەی لێ گری
ئیش و کارت ئۆف لە چاوی سەلمە و عوزرا دەبێ

تیاتڕۆیە نەفس بازی پارە بۆچ بەربا ئەدەی
تیاتڕۆ هەر کەس بچێ تیایا تڕۆ و ڕیسوا دەبێ

ماڵەپیتێنی مناڵە شەرت و بەینی عاشقان
پیاوی عاقڵ چۆن بە کاری هیچوپووچ شەیدا دەبێ

حورمەتم نازانن ئێوە ئەی کوڕانی کوردسان
پاشی مەرگی «قانعی» کەی قانعێ پەیدا دەبێ

Kurdish_Poetry