✓ ئاران (1981)

ئێستا ئەوا بێ پەنجەرە کەوتوومە بەر بێزارییەک
وەختە وجوودم هەڵکەنێ بیرەوەری یادگارییەک

(ترسم هەیە نەتبینمەوە) ڕابێ زەمان بە برینمەوە
شین بێ زەمین بە شینمەوە بمخواتەوە داخدارییەک

ئێستا ئەوا ماڵێک سەری ناوە لە کۆشی و کپ بووە
پاساری گێڕاوە وەسەر، ناڵە و هەرای پاسارییەک

ئێستا وەها ئەسپی تەمەن شای ژینمی مات کردووە
ناگا بە دادی دەردم هیچ هەرگیز قەڵای لاسارییەک

ئێستا ئەوەی ماوە لە تۆ وەهمێکی کاڵ و لیخنە
تەنیا دووپاتەی مەرگمە داستانی هەر دڵدارییەک

Kurdish_Poetry