٤٦١٩
✓ پیرەمێرد (1867 - 1950)
مانگ و ڕۆژ هەر دوو لە تاوی شەوقی ڕوخسارت خەجەل
لەعل و یاقووتیش لە تامی لێو و گوفتارت خەجەل
ئاسکی چینی و غونچەیی فیردەوس و تاووسی چەمەن
وا پەرێز ماون لە لارولەنج و ڕەفتارت خەجەل
میری سوور پڕ بوو لە شێت و زنجیری پێ ناوێ ئیتر
هەر چی ئەیبینی لە داوی زولفی توڕدارت خەجەل
پێم وت و ویستم لەگەڵ مانگ ڕووبەڕووی ڕووی ئەو بکەم
پێی وتم لاچۆ و بڕۆ و نابی لە گوفتارت خەجەل
تو وەرە سەیری وەنەوشە چۆن لە دەوری گوڵ ڕوا
باخەوان تا خۆت ببینی چون لە گوڵزارت خەجەل
بۆچ نەمردم ئێستە ماوم چونکوو لەو دوور کەوتمەوە
هێند گونەهکارم بە دیدارت لە دیدارت خەجەل
بەس بناڵێنە لە دەوری دووریا «خالید» بەسە
هەر چی ئەتبینێ لە سۆزی ناڵەیی زارت خەجەل
+ بڵاو کرایەوە لە 2024/1/30 ـدا کاتژمێر 22:4 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|