٤٠٦٧

 

✓ پەروانە

  • ئەخۆل (1911 - 1988)

هەتا ماوم لە دنیادا وەکوو دێوانە وێڵی تۆم
کە تۆ وەک شەمعی دەوران و منیش پەروانەئاساتم

  • وەفایی (1844 - 1902)

مەنعی سووتانم مەفەرموو با وجوودی ئەو جەماڵە
پیشەیی پەروانە هەر سووتانە تا شەوقی چرا بێ

  • مەحوی (1836 - 1906)

زووبانی حاڵی پەروانە لە وەختی سووتنا دەیوت:
کەسێ واریسمە وەک من بێ، لە عشقا خۆ بسووتێنێ

  • حاجی قادری کۆیی (1816 - 1897)

شەو لە بەزمی دولبەرم بەم تەعنە وا سووتاندمی
چاوی دا پەروانە فەرمووی عاشقی هەر وا دەبێ

  • کەمالی (1886 - 1974)

ڕەفیقی حەزرەتی پەروانەم ئێستا من لە ڕێی عەشقا
بە قیژە و قیڕەقیڕ بولبول مەحاڵە بێ بە هاودەردم

Kurdish_Poetry

٤٠٦٦

 

✓ پەروانە

  • ئەحمەد موختار جاف (1896 - 1935)

وتم من ڕۆحی خۆم قوربانی ڕووی تۆ کرد دەسا ڕەحمێ
وتی نازانی تۆ پەروانە بۆ دەوری چرا چاکە

  • ناری (1874 - 1944)

سۆزی بولبول کە وەکوو سۆزشی پەروانە نییە
نیسبەتی عیشقی حەقیقی مەدە هەرگیز بە مەجاز

  • حەمدی (1876 - 1936)

غەیری پەروانە درۆیە کەس نەڵێ من عاشقم
شەرتی سووتانە کە کردی ئیختیاری عەشقی نوور

  • سابیری (1881 - 1944)

هەر کەسێ ئەشقی حەقیقی بێ دەبێ پەروانەوار
خۆی نەپارێزێ لە سووز و ئیشتیعالی شەمع و نار

  • ئەدەب (1859 - 1916)

کە دیم شەمعی جەمالی تۆ، لە فکری سەربڕین کەوتم
بەڵێ عاشق بە دیدارت، دەبێ پەروانەئاسا بێ

Kurdish_Poetry

٤٠٦٥

 

✓ ئەحمەد موختار جاف (1896 - 1935)

تۆ کە یارم بی ئیتر غیلمان و حوورم بۆ چییە
ڕوو ئەگەر دەر خەی تەجەللای کێوی توورم بۆ چییە

ناڵەیی سینەم وەکوو نەی، سەر وەکوو سەمتوورە بۆت
من بە غەم شادم ئیتر کەیف و سروورم بۆ چییە

گەر خوا بیکا موتاڵای موسحەفی ڕووی تۆ بکەم
دڵبەرا ئینجیل و تەورات و زەبوورم بۆ چییە

گەردنی سافت لە پێش چاوم ئەگەر بێ جیلوە کا
کافییە بۆ من ئیتر مینا و بلوورم بۆ چییە

بێ وجوودی تۆ لەلام وەک دۆزەخە باخی جینان
گەر نەبێ تەشریفی تۆ من شارەزوورم بۆ چییە

چی ئەبێ جارێ بڵێی تۆ بەو ڕەقیبەت دولبەرا
لاچۆ سەگباب بەسیەتی کەلبی عەقوورم بۆ چییە

سەیری کەن یارم کە من لەم شارە ڕۆییم پێم ئەڵێت
تۆ بەسەر چوویت تێ پەڕیت من یاری دوورم بۆ چییە

قامەتت بۆ من وەکوو ڕۆژی قیامە چاوەکەم
«ئەحمەد» ئیتر حەشر و نەشر و نەفخی سوورم بۆ چییە

Kurdish_Poetry

٤٠٦٤

 

✓ تاهیر بەگی جاف (1878 - 1918)

شەماڵ یار نەدیت، شەماڵ یار نەدیت؟
وەختێ تۆ ئامای، دیدەی یار نەدیت؟

ئەو دیدەی سەیوان پڕ خومار نەدیت؟
ئەو تووڕەی چین چین سیامار نەدیت؟

دڵدار دڵبەر، ستەمکار نەدیت؟
ئاهووی خوتەنی وەش ڕەفتار نەدیت؟

ئەو پەنجەی قرمز، حەنایی نەدیت؟
ئەو نوور دیدەی، بینایی نەدیت؟

گوڵڕووی گوڵچیهرەی، گوڵئەندام نەدیت؟
سۆسەنی کڵاف موشکین فام نەدیت؟

لۆلۆی ناسوفتەی هیچ ئەڵماس نەدیت؟
کان یاقووتی بێ قیاس نەدیت؟

لیمۆی نەوڕسەی مەمانش نەدیت؟
ئەبرۆی سەیف ئاسای کەمانش نەدیت؟

سینەی سیم بەور پەروەردش نەدیت؟
خونچەی نەشکوفتەی بێ گەردش نەدیت؟

باڵای عەرعەری سەرو ئاسا نەدیت؟
شۆخ دیدە شەنگ بێ وەفا نەدیت؟

شاباز مەریوان، هەڵۆ خوو نەدیت؟
نازدار خێڵان، فیتنەجوو نەدیت؟

نەدیت تۆ بەیۆ بە عیشوە و نازێ؟
بپەرسۆ ئەحواڵ، من لە ڕێوازێ؟

تەحقێق بۆ شەماڵ ئەو شۆخ و شەنگە
نەدیدەی شاباز ئەو دڵ چوون سەنگە

هیچ نیەن وە تەنگ مەینەت بەردەکەش
بێ قەیدەن نە حاڵ سوختەی دەردەکەش

یاشا، هەر یارێ بێ وەفا و مەیلەن
دەروون وە بادەی بێ مەیلی کەیلەن

دایم گرفتار ئاهـ عوشاق بۆ
نەسیبش دایم تاڵ فیراق بۆ

بەوێنەی «تاهیر» هەر دەردەدار بۆ
دیدەی مەخموورش دایم بیمار بۆ

Kurdish_Poetry

٤٠٦٣

 

✓ ئاران (1981)

ئازادیی و ئاشتی کە دەڵێن زارەکییە
هەڵکردن و کپبوون غەمی سەد بارەکییە
هەر ژینێ لەژێر سێبەری دیکتاتۆردا
گشت چرکەیەکی مردنی یەکجارەکییە

Kurdish_Poetry

٤٠٦٢

 

✓ نالی (1800 - 1877)

لایقی مەخزەنی تەبعە هەموو کەنزی غەزەلم
قابیلی زەربی ڕەواجە زەڕ و زیوی مەسەلم

سایەیی پایە وەکوو باڵی هوما و بازی سپیم
نە وەکوو بوومی قەدەمشووم و نە هەمڕەنگی قەلم

کەوکەبەی تەلعەتی شاهانەیی تۆم بورهانە
کە لەسەر موددەعی، سوڵتانی موبینە جەدەلم

ڕۆژ سەری کوڵمتە ڕووناکیی نووری بەسەرم
شەو خەمی زوڵفتە تاریکیی توولی ئەمەلم

حەرەکاتم سەکەنات و سەکەناتم حەرەکات
چوستە سستی، قەوییە زیعف و سەریعە کەسەلم

بێش و کەم بێ شکەم و حیرس، وەکوو تیفلی ڕەزیع
زاوییە بێشکەم و بێشکم و بێحییەلم

خوانی زی شانی جیهان هەنگی خۆشاهەنگە، وەلێ
مێشی دەمنۆشم و دومنێشم و عەکسی عەسەلم

عاجیزی شوکری تەمامی نیعەمم سەر تا پا
کە نە ڕیشبەڵم و نە کۆسە و نە کەل و گۆج و شەلم

«نالی» و سینەیی بێکینەیی چاکم، ئەمما
چاکی دامەن تەڕم و وشکە سەرابی عەمەلم

Kurdish_Poetry

٤٠٦١

 

✓ مەحوی (1836 - 1906)

غایب لە دیدە، چاوی سەرم، دڵمە پێتەوە
دەستم بە ئاسمانەوە، چاوم بە ڕێتەوە

جانسەختە یا لە دەعوەیی عیشقا درۆزنە
ئەو زیندە ماوە تا لە سەفەر یاری دێتەوە

جانانە ڕۆی و جان و دڵم هەر دوو دووبەدوویی
یا ڕەببی چی بکەم بە نیساری کە بێتەوە

ڕۆشن کە چاوی مونتەزیرانت بە گەردی ڕێت
تۆ دێی و نووری دیدەیی من دێ بە پێتەوە

خۆم و خوێنمت لە فکر چوو، دوعا دەکەم
ڕەنگی خوێنی من کە لە دەستت نەچێتەوە

لەحزێکی من لە سەومەعەدا دیبوو، ئەمری دا:
ئەو هەرزە گەردە لەم دەرە دەر کەن، نەیێتەوە

ئینسافی دا کە دی تەبی عیشقم لە شیددەتا
حەقیە وتی: بەم ئاگرە گەر بشتوێتەوە

وەک شەو کشا بە سەر مەهی ڕوخساریا خەتی
گیرا ئەم ئافتابە کە قەت بەر نەبێتەوە

«مەحوی» بەیادی تۆوەیە شوغڵی کە ڕۆیوی
غایب لە دیدە بوو، بە خودا دڵمە پێتەوە

Kurdish_Poetry

٤٠٦٠

 

✓ ناسر حیسامی (1959)

جەمالەددین موحەممەد ئیلیاس، کوڕی یووسوف، ناسراو بە نیزامیی گەنجەیی (نظامی گنجوی) شاعیر و داستانبێژی سەدەی شەشەمی کۆچی، لە دایکەوە کورد بوو. لە بەرهەمە بەناوبانگەکەیدا، "لەیلا و مەجنوون" بە شیعرێکی درێژ و پڕ لە سۆز یادی دایکی دەکا و یادێک لە خاڵیشی «عومەر ناوێک» دەکا. لە شیعرەکەدا دایکی بە "ڕەئیسەی کورد" ناو دەبا. شیعرەکە لە گرنگترین لاواندنەوەکانی مێژووی ئەدەبە. چەند دێڕێکیم کردە کوردی.

ساقی وەرەوە کە مەیپەرەستم
جامێکی لە مەی بدە بە دەستم

ئەو بادە وەک ئەسرین کە زوڵاڵە
بۆ مەزهەبی عاشقان حەڵاڵە

هەتوانە مەی و بە خەم گەمەی دێ
دڵ تەنگە، کرانەوەی لە مەی دێ

خەم شێرە کەمینی دێتە سەر ڕێم
چارەم چییە؟ چۆن لە چنگی هەڵبێم؟

بیرم دێ کە خۆشی دەوری داوم
ئێستاکە بەسەر چوو وا نەماوم

دێ زەردەپەڕێ کە زەردە لاچێ
ئەو هێزی هەمە، ئەوەش بەبا چێ

دایکم، کە ڕەئیسە ناوی، کورد بوو
دایک بوو لە ئێشی ڕۆڵە مردبوو

شینگێڕێ لە کوێیە، کێ دەزانێ
تا شیوەنی ئەو بکاتە ژانێ

هەر چەندی لە بەژنی ژانی ئاڵام
گۆميکە کە قووڵترە لە باڵام

ئەوە پیاڵە شەرابە هیندە تاڵە
نەک هی ژەمێ، هی ئەوەندە ساڵە

خەم خێمە کە هەڵدەدا لە سەرمان
بیرچوونەوە بۆی دەبێتە دەرمان

پێی ئەسپی خەیاڵ بە زام و ئێشە
ساقی بدە مەی کە ڕێم لە پێشە

مەی داری خەنیبوونە وەبەر دێ
هەر پێیە هەزار سەری وەسەر دێ

ئەو مام عومەرە کە خاڵی من بوو
ڕۆیشتنی ئەو وەباڵی من بوو

تاڵاوێ زمان کە قووتی دابوو
وەک ناڵە لە قوڕگی نەی شکابوو

Kurdish_Poetry

٤٠٥٩

 

✓ زێوەر (1875 - 1948)

پێم خۆشە تەماشای قەدت، ئەی سەروی خەرامان
جارێ بەکەرەم سا وەرە ڕابوورە بە لامان

ئەو نەختە خەیاڵاتە کە وا ماوە لە سەرما
بێمیهری ڕوخت ڕەفعە بە یەک دەفعە لە سەرمان

ناڵێم سەنەمی، کوفرە، ئەما قیبلەی قەلبی
مەنزووری هەموو خەڵقی چ گەبر و چ موسوڵمان

بەم غەمزە و ناز و نیگەهی چاوی خومارەت
تاڵانبەری زوههادی و غارەتگەری ئیمان

جێزەخمی موژەت مەرهەمی مەعدوومە لە دنیا
چارم نییە ئەڵبەت بە دووسەد هەر وەکوو لوقمان

«زێوەر» مەکە ئەمڕۆ بە نیشانی ستەمی خۆت
ئوممێدی بڕاوە لە دەوا و چاری حەکیمان

Kurdish_Poetry

٤٠٥٨

 

✓ مەولەوی (1806 - 1882)

سەنگی سەنگی بار تاوان زۆر کەردەن
پیری بەدنامەن قامەت خەم کەردەن

تەن کە خەمیاوە، یانێ دەستوورەن
وادەی هورێزنای گیان ئەو حوزوورەن

واتە: کە من پیر بووم و باڵام چەمیوەتەوە، پیری تۆمەتبارە بەوەی کە باڵامی ئاوا چەماندۆتەوە، بەڵام ڕاستییەکەی خەتای پیری و تەمەن نییە! ئەوە باری قورسی کردەوەی خراپمە، کە باڵام توانای هەڵگرتنی نەماوە و چەمیوەتەوە.

جەستەم کە ئاوا چەمیوەتەوە و سەرم بەرەو خوارە، نیشانەی ئەوەیە کە گیانم بەرز ئەبێتەوە بۆ لای خودا. مەبەستی ئەوەیە کە کاتی مردنە و ڕۆح بەرەو ئاسمان ئەڕوات، هەر شتێکیش ئەگەر بەرەو ژوور بڕوات، پێش بەرزبوونەوەی ئەبێت بەرەو زەوی ڕابکێشرێت بۆ ئەوەی کە بەرەڵا کرا زیاتر بەرز بێتەوە.

 لەم دێڕەدا مەولەوی چوواندنێکی بێئەنازە جوانی کردووە و بە ناڕاستەوخۆیی ئاماژەی کردووە بۆ یاسایەکی گەورەی فیزیایی «کار و کاردانەوە» تا هێزی زیاتری کێشکردن بخرێتە سەر تەنێک، بە نەمانی هێزەکە توندی و خێرایی و ماوەی دوورکەوتنەوەی تەنەکە زیاتر ئەبێت... «کەمال ئەحمەد»

Kurdish_Poetry