٤٠٦٢
✓ نالی (1800 - 1877)
لایقی مەخزەنی تەبعە هەموو کەنزی غەزەلم
قابیلی زەربی ڕەواجە زەڕ و زیوی مەسەلم
سایەیی پایە وەکوو باڵی هوما و بازی سپیم
نە وەکوو بوومی قەدەمشووم و نە هەمڕەنگی قەلم
کەوکەبەی تەلعەتی شاهانەیی تۆم بورهانە
کە لەسەر موددەعی، سوڵتانی موبینە جەدەلم
ڕۆژ سەری کوڵمتە ڕووناکیی نووری بەسەرم
شەو خەمی زوڵفتە تاریکیی توولی ئەمەلم
حەرەکاتم سەکەنات و سەکەناتم حەرەکات
چوستە سستی، قەوییە زیعف و سەریعە کەسەلم
بێش و کەم بێ شکەم و حیرس، وەکوو تیفلی ڕەزیع
زاوییە بێشکەم و بێشکم و بێحییەلم
خوانی زی شانی جیهان هەنگی خۆشاهەنگە، وەلێ
مێشی دەمنۆشم و دومنێشم و عەکسی عەسەلم
عاجیزی شوکری تەمامی نیعەمم سەر تا پا
کە نە ڕیشبەڵم و نە کۆسە و نە کەل و گۆج و شەلم
«نالی» و سینەیی بێکینەیی چاکم، ئەمما
چاکی دامەن تەڕم و وشکە سەرابی عەمەلم
+ بڵاو کرایەوە لە 2020/10/18 ـدا کاتژمێر 22:47 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|