✓ زێوەر (1875 - 1948)

پێم خۆشە تەماشای قەدت، ئەی سەروی خەرامان
جارێ بەکەرەم سا وەرە ڕابوورە بە لامان

ئەو نەختە خەیاڵاتە کە وا ماوە لە سەرما
بێمیهری ڕوخت ڕەفعە بە یەک دەفعە لە سەرمان

ناڵێم سەنەمی، کوفرە، ئەما قیبلەی قەلبی
مەنزووری هەموو خەڵقی چ گەبر و چ موسوڵمان

بەم غەمزە و ناز و نیگەهی چاوی خومارەت
تاڵانبەری زوههادی و غارەتگەری ئیمان

جێزەخمی موژەت مەرهەمی مەعدوومە لە دنیا
چارم نییە ئەڵبەت بە دووسەد هەر وەکوو لوقمان

«زێوەر» مەکە ئەمڕۆ بە نیشانی ستەمی خۆت
ئوممێدی بڕاوە لە دەوا و چاری حەکیمان

Kurdish_Poetry