٣٦٥٦
✓ ژەنەڕاڵی پاییز
ئەگەر هات و بیستت
خۆمم کوشت
بزانە ئەوە نەمتوانیوە
شیعرێک بڵێم
ئازارمی تیا جێ بێتەوە
Kurdish_Poetry
✓ ژەنەڕاڵی پاییز
ئەگەر هات و بیستت
خۆمم کوشت
بزانە ئەوە نەمتوانیوە
شیعرێک بڵێم
ئازارمی تیا جێ بێتەوە
Kurdish_Poetry
✓ سەیید تاهیر هاشمی
دڵم بۆ حەزرەتی تۆ مەخزەنی دەرد و غەمە هێشتا
غەمت شادیفەزایە هەرچی بیدەی هەر کەمە هێشتا
ئەگەرچی بۆتە چاوەی زووخی مەینەت زامی ناسۆرم
بە لەبخەندە و نیگایدا چاوەنواڕی مەرهەمە هێشتا
وجوودی من سەراپا مەحوی سەیری حوسنیە و نوتقم
لە وەسفی یەک سەری مووی هیچنەزان و ئەبکەمە هێشتا
لە ئەو زوهرەجەبینە عەینی نەعشە عیقدی پەروینم
بەڵام عوقدەی غەم و دەردی لەنێو دڵدا جەمە هێشتا
لەگەڵ ئەو یاری غارەم ئاخ نەبوو عەیشی سەفەر قسمەت
درێغ پێم چاوەنواڕی ئێشی نێشی ئەرقەمە هێشتا
خەم و پێچی کەژ و کێوی چیا و هەردی وەفام تەی کرد
کە زوڵفت خاوی ئەستۆم بێ و کەچی هەر پڕخەمە هێشتا
نیگای ئەو ئاهووە شێرانی بێشەی شێت و شەیدا کرد
چ زێبا سەردەلیلەی شۆخ و دڵچەسپی ڕەمە هێشتا
لە حەوزەی عیلم و عیرفان وێڵ و وەحشی ماوە گەر «تاهیر»
چ غەم مەدداحی شێت و وێتی غوث الاعظم ـە هێشتا
Kurdish_Poetry
✓ سالم
وەکوو فەووارە خوێن دەقوڵێ دەمی ئاهم لە حولقووما
بە دڵ پەیوەستە تا سۆراخی پەیکانت لە پەهلووما
مەگەر وەختێ لە سەیری خاڵی چیهرەت دیدە فاریغ بێ
سیاهی مەردومەک بتکێ لەگەڵ ئەشکم بەسەر ڕووما
لە هیجریشا موسیبەت نایەڵێ سەر هەڵبڕم یەک دەم
لە خوێنی ئەشکما چەسپاوە پێشانی بە زانووما
لەسەر ڕوو لا دە تاری توڕڕەیی موشکینی تاتارت
حەبەش دەستی تەتاوەل ڕانەکێشێ، با بەسەر ڕووما
ئەگەر چی کارییە دەردم وەلێ نەزدیکە تەسکینم
بپڕژێنێ حەکیم ئەر ئارەقی چیهرەت بە دارووما
بە مەششاتەی دەوت دڵبەر دڵی «سالم» مەڕەنجێنە
لەناو جەمعی پەرێشانا لە حەلقەی چینی گێسووما
Kurdish_Poetry
✓ مەحوی
وەها پڕفیتنە بوو عالەم کە ئیبلیسێکی وەک ئیبلیس
نەماوە مەئمەنی غەیری کڵیشە و کەڵکەڵەی مەخلووق
لە پەردەی جیلوەیەکتا ڕوونمایە شۆری سەد مەحشەر
نیقابێ لا دە لەو چیهرە، ببینە زەلزەلەی مەخلووق
Kurdish_Poetry
✓ ئاران
دیسان گەمەیە و دەستی سیاسەت کە گڵاو
قرچانە لەژێر چەرخی بە سەرمایە گەڕاو
دیسان خەمی خوێنە و خەمی بوونە و خەمی خاک
بۆ کوردی هەژاری لە جیهان پەرت و بڵاو
Kurdish_Poetry
✓ هەوراز مەریوان
ئەگەر دابڕێن شێران لە بێشە
چەقەڵ ڕێ دەگرێ ڕێوی لە پێشە
Kurdish_Poetry

✓ کوردی
کوێر بووە هەر وەکوو یەعقووب بەخودا دیدە لەبۆت
سا بنێرە وەکوو یۆسف بۆ شفای دیدە لە بۆت
دڵ کە جێی خۆت بوو بە ئاوری غەمی هیجرت سووتاند
بۆچ بەدەست خۆت دەخەی ئەم ئاورە ناو مەنزڵی خۆت
دڵ لەدەس تورکی دوو چاوت چ دەبوو حاڵی ئەگەر
نەبوایە لە سەری تیری موژەت، تیغی برۆت
بەرگی ڕووتی بە هەزار خەرقەیی شاهی نادەم
چونکە مەحبووبە بە ناز پێم دەڵێی گاهێ مچە ڕووت
من کوتم کوژتمت ئەو سەبر بەبێدەنگی کوتی
کۆنەکرمانج ئەمە ساڵێکە بەڵەد بووم لە درۆت
شەمعی مەیخانە فتیلەی نەبوو تا دوێنێ، شوکور
شێخی خۆمان بە شەڕاب دەڵقی گەدایی دەفرۆت
کە ڕەقیب دی من و یار پێکەوە نیشتووین، لەڕقان
وەک سەگێ پەت بکرۆژێ، دەم و لێوی دەکرۆت
دڵی «کوردی» کە گرفتاری جبەی قرمزییە، بۆچ
دەکەن مەنعی بە خوێنی دڵ ئەگەر بەرگی دەشۆت
Kurdish_Poetry
✓ حەریق
دەرچوونی گەلێ موشکیلە، دەرچوونی قەریبە
ڕۆحم دڵەکەم ماوە بەتەنیا، وەرە بیبە
قوربانی ویسالت بم ئەوا کوشتمی هیجرت
خۆت واریس و حەقدارمی قاتڵ کە ڕەقیبە
خۆت دیوتە لەنێو میسری مەلاحەت چ غەریبی
سا ڕەحمێ بە حاڵی دڵەکەم کە، کە غەریبە
هەر دووکەڵی زولف و ڕوخی نارت سەبەبە، وا
ئەشکم کە پەیاپەی دێ دەروونم بەلەهیبە
ڕەببی بە خەدەنگی غەمی دووری دڵی کون بێ
هەر کەس لە نیگاهت کە بەئارام و شەکیبە
وا زەن مەبە گیانسەخت و سەمەرگم کە نەمردم
ئوممێدی ویسالت وەکوو لوقمانی تەبیبە
تابووری موژەت چەندە بەتەرتیب و نیزامە
بۆ سەفشکەنی دڵ چ سوپاهێکی مەهیبە
وا لەشکری ئاهم چووە سەر کافری زوڵفت
گەر شاهی ڕوخت لێ بگەڕێ سەیری عەجیبە
بۆ موشکی خەتا چوو بەخەتا کەوتە ئەنێوچین
لەو بۆنەوە هەر زوڵمەتە شامی بەنەسیبە
قوربانی وجوود و ئومەنای شاهی ڕوخت بم
هەر یێکە لەجێی خۆی چ ئەمیرێکی ئەدیبە
تەسکینی دڵت هاتووە ئۆخەی کە «حەریقی»
یارت کە بە خوێنی جگەرت کەففی خەزیبە
Kurdish_Poetry
✓ کاکە فەلاح
کۆڕی شەڕێکی کۆن بوو ئەوەی دیم
جا لەسەر پشتی ئەسپم دابەزیم
هیچم نەئەدی لە گیا بەو لاوە
شەپۆلی ئەدا گیاش بەدەم باوە
چەن پەڵەهەورێ بە ئاسمانەوە
بێترسوپەروا ئەسووڕانەوە
گەڵای ئاڵتوونیش وا لێرە و لەوێ
زۆر بەداخەوە ئەڕژێ، ئەکەوێ
پڕزووڵەی لاشەی کوژراو بەجێماو
لەگەڵ کەللەی سەر، لەگەڵ چاڵی چاو
ئەویان پێخۆر بوو بۆ میروولەکان
ئەم جێسەیرانگا و ڕاوی کرمەکان
بیرم کردەوە لە حاڵی بەشەر
کە بۆ سەرگەرم و سوورن لەسەر شەڕ
جا یەک هەناسەی گەرمم بەبا دا
مەینەتی گێژی دام لەناو بادا
Kurdish_Poetry
✓ ڕەنج سەنگاوی
ئەمشەو قازیم هاتە بەر چاو
بە پۆشاکی شەڕڤانەوە
شێخ سەعید هاتە بەر دیدەم
بە ئاڵای کوردستانەوە
ویقاری مەلیک تیشکی دا
لە بەردەقارەمانەوە
نووری شۆڕش بڵێسەی سەند
لە دەڤەری بارزانەوە
وەکوو دڵدار بۆ بەرخودان و مانەوە
خانی و مەلێش سروودێکیان بۆ کورد نووسی
لە جەزیرێ و بۆتانەوە
وتارێکی مامی کوردان
بە تینی نەوشیروانەوە
بە کلێتە و پووزەوانەی کوردانەوە
کێوانی ئەلەرانەوە
یەک بە یەکی شەهیدانی تێکەڵ بە خاک
وەکوو حەشر جارێکی تر هەستانەوە
ئەیانوت وەکوو داربەڕوو کورد ئەمێنێ بێ باخەوان
با هیچ کەسیش نەیە بەهانامانەوە
هەر ڕۆژێ دێ ئەو نەخشەی لە دڵماندایە
ئەیخەینە ناو نەخشەی هەموو جیهانەوە
یا چوار وڵات درووست ئەکەین
یان هەموومان سڵاو و سروود ئەخوێنین
بەدیار یەک ئاڵامانەوە
Kurdish_Poetry