✓ حەریق

دەرچوونی گەلێ موشکیلە، دەرچوونی قەریبە
ڕۆحم دڵەکەم ماوە بەتەنیا، وەرە بیبە

قوربانی ویسالت بم ئەوا کوشتمی هیجرت
خۆت واریس و حەقدارمی قاتڵ کە ڕەقیبە

خۆت دیوتە لەنێو میسری مەلاحەت چ غەریبی
سا ڕەحمێ بە حاڵی دڵەکەم کە، کە غەریبە

هەر دووکەڵی زولف و ڕوخی نارت سەبەبە، وا
ئەشکم کە پەیاپەی دێ دەروونم بەلەهیبە

ڕەببی بە خەدەنگی غەمی دووری دڵی کون بێ
هەر کەس لە نیگاهت کە بەئارام و شەکیبە

وا زەن مەبە گیانسەخت و سەمەرگم کە نەمردم
ئوممێدی ویسالت وەکوو لوقمانی تەبیبە

تابووری موژەت چەندە بەتەرتیب و نیزامە
بۆ سەفشکەنی دڵ چ سوپاهێکی مەهیبە

وا لەشکری ئاهم چووە سەر کافری زوڵفت
گەر شاهی ڕوخت لێ بگەڕێ سەیری عەجیبە

بۆ موشکی خەتا چوو بەخەتا کەوتە ئەنێوچین
لەو بۆنەوە هەر زوڵمەتە شامی بەنەسیبە

قوربانی وجوود و ئومەنای شاهی ڕوخت بم
هەر یێکە لەجێی خۆی چ ئەمیرێکی ئەدیبە

تەسکینی دڵت هاتووە ئۆخەی کە «حەریقی»
یارت کە بە خوێنی جگەرت کەففی خەزیبە

Kurdish_Poetry