٢٩٦٨

 

✓ حەمدی

هیچ کەسێ ناوی شکەنجەی پەرچەمی دلبەر نەبات
با حەیای مەجمەر نەچێت و ئابڕووی عەنبەر نەبات

خەنجەری ئەبرۆ دەبوو نەدرایەتە دەست چاوی مەست
کەوتە خوێنڕشتن خودا ڕەحمێ بکات و سەر نەبات

لەم خەراباتە چ مەردێ غەیری ڕەندی بادەکەش
بوو لە مەیدانا کە سڕڕی دەر ببا سەر دەرنەبات

دامەنی هەڵکردووە بەو بەر دەرە ڕازی نییە
ئەم ڕەقیبە زۆر نەفامە هەڵمەتی پشدەر نەبات

بگرە زوو خوێنی ڕەگی سەودایی عاشق ئەی موژە
با بەشێتی سڕڕی ئولفەت بەردەمی نەشتەر نەبات

بەرگی تاقەی شینی سورمەی کردە بەر ڕەنگە فەلەک
ڕوو بپۆشێ حورمەتی خۆیی و مەھ و ئەختەر نەبات

حوکمداری کیشوەری سەبرە گەدایی کۆیی یار
پێی بڵێن حەسرەت بەجاهی شاهی حەفت کیشوەر نەبات

عاشقی هیممەتبڵندە وەختی کوشتن ئەو کەسە
دامەنی جەللادی نەگرێ و دەستی بەر خەنجەر نەبات

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩٦٧

 

✓ مەلا حەسەنی دزڵی

کەسایەتیی ناودار و خواناس و شاعیر مەلا حەسەنی دزڵی ماوەیەک لە وڵاتی میسر لە زانکۆی ئەزهەر مامۆسا دەبێ و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و لە گوندی دزڵی نیشتەجێ دەبێ. لەم کاتەدا کە دەگەڕێتەوە تووشی هەژاری و نەدارییەکی زۆر دەبێتەوە. هەر لەم کاتەدا حاکمی هەڵەبجە کە کەسێکی ئینگلیسی دەبێ دەنێرێ بەدوایدا تا بیکا بە سەرنووسەری تایبەتی خۆی و وانەبێژ و قازیی مەحکەمەی هەڵبجە؛ بەڵام کاتێ دەگاتە هەڵەبجە، ئەبینێ کە کابرا سەگێکی لە باوشدایە و قسە لەگەڵ مەلا حەسەندا دەکات. مەلا حەسەنی دزڵیش ئەمەی پێ ناخۆش دەبێت و هەموو ئەو پۆستان ڕەد دەکاتەوە و بەم شیعرە وڵامی دەداتەوە:

سەر وەک مەسینە سەگ لەسەر سینە
"الخبیثاتُ لِلخبیثین"ـە

ئاخر کام ئینسان دەسەبرای سەگە
ڕەفێقی تانجیم پێ ناشیرینە

هەر کەسێ سەگی کرد بە هاوخوانی
ئەوە نۆکەری ئینگلیسینە

قودرەت و سەروەت جاھ و جەلالات
پێشکەش بەوانەی پێیان شیرینە

سەد تف و لەحنەت لە قوربان قوربان
لە ئاغا فەرمووی یەکجارم قینە

خۆم زەلیل ناکەم بۆ فلس و دینار
ئەویش لە سایەی عیززەتی دینە

پێم خۆشە نانی جۆڕەشی عەباڵ
دۆینەی خەجیجە و فاتە و جەمینە

کاڵا و کڵاشی ساختەی هەورامان
نایدەم بە قۆنرەی چەرمی مەکینە

ئیسلام و عیززەت عیلم و کەرامەت
کورد و شەرافەت ڕەسمی دێرینە

هەیهوو چەن دوورین من و نۆکەری
ئەمەش هەر جۆرێ کاسەلێسینە

سەلام سەییدی ویرمەنە دینار
خوویەکی پیس و زۆر ناشیرینە

ناکەومە پینەی درۆی ئاغایان
کەوش و کراسی خۆم ئەکەم پینە

ئاخر من قورئان وا لەسەر سینەم
"الطّیِّباتُ للطّیّبین"ـە

من هەڵۆی لووتکەی بەرزی داڵانیم
هەرگیز وەک قاڵاو ناکەومە چینە

«حەسەن» بۆ مەقام نۆکەری ناکا
سەد جار ڕیامە ئەو جۆرە ژینە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩٦٦

 

✓ ویساڵی

یا ڕەب بۆ خاتری ئەو شاهی مەککە و مەدینە
بفەرموو یا میکائیل بارانێ ببارێنە

بارانێ بەڕەحمەت بێ، بێ ڕەنج و موشەققەت بێ
بەسەر خاکی عالەما بە لوتفی خۆت بڕژێنە

هەموو خاکی ناسووتی، بە ڕەحمەتی لاهووتی
بە زومڕود و یاقووتی، سەوز و سوور بنەخشێنە

یاخوا باران ببارێ، دڵخۆش ببین بەجارێ
بە گوڵهایی بەهاری، سەراسەر بیخەمڵێنە

هەم ڕەحیم و کارزانی، بۆ عالەمی ئینسانی
بە بارانی ئاسمانی باغ و بوستان بەربێنە

عالەم دڵی پڕشۆرە، خودا تۆ ڕەحمت زۆرە
بە ڕەحمەتی عامی خۆت، زەراعەتمان پێک بێنە

عالەم هەموو شێواون، حەیران و ناتەواون
بە ئایەی "لا تقنطوا" ئاوی ڕەحمەت بڕژێنە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩٦٥

 

✓ قسەی خۆش با ون نەبێ

هاوڕێیەکم زۆر ناڕەحەت بوو. لێم پرسی: چی بووە؟ بەلووشکەلووشکەوە وتی: لەو کاتەوە کە دنیا دروست بووە هەر چەن ساڵێک شتێک بووەتە مود و فەشن [ fashion ] بێجگە لە لووتزلی. تفـــــ لەم چانسە!

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩٦٤

 

✓ پەشێو

عەفرینگڕاد 

هاڕەی ئێف شازدەم دەگاتە بەر گوێ
لرفەی ئاگری زارکی دۆزەخ و بۆنی دووکەڵ دێ
هەشتا ملیۆن چاو ڕووەو ڕۆژاوان
چاوەڕێی خۆرن، لەوێوە هەڵدێ
هیوای جارانم بە مەزادخانەی مافی مرۆڤ بوو
دەناورامەوە بێتە هیمدادم
دەیانپرسی کێی
دەمگوت "چیای من بوو پەنای نووحی دا
من قەد و چڵی داربەڕووی مادم"
بەڵام لەمەولا
ئەگەر بپرسن لە ڕەچەڵەک و بنج و بنیادم
سەر بڵند دەکەم
دەڵێم "هاوخوێنی پڵنگەکانی عەفرینگڕادم"

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩٦٣

 

✓ قانێع

لە سایەی عیززەتی نەفسم لە پاشا مەرحەبا ناکەم
لە ئەربابی کەرەم دوورم بە کەس خۆم ئاشنا ناکەم
کراسی چەرمی خۆم ئەدڕم سواڵی سەرکەوا ناکەم
ئەگەرچی لەحزەیەک دەرد و خەم و قەهرم بەبا ناکەم
ئیلاهی زۆر شوکور ئوممێدی نانێ من لە شا ناکەم

لە تۆزی ئاشەدا غەرقم لە تەوقی سەر هەتا ئەژنۆم
نە ترسی ئەمری مافەوق و نە مەحکوومی بەراتی تۆم
بەڵام چەن خۆشە ئەو تۆزە کە هەر خۆم ئامیرم بۆ خۆم
لە سایەی زەحمەتی قاچ و سەر و شان و دەس و ئەستۆم
لەبۆ کەس چاولەبەر نیم و خەیاڵی ڕێی ڕیا ناکەم

براکەم فرسەتە ئەمڕۆ بڵێ بەو یاری دێرینم
لەسەر هەر دینێ من ئەمرم ئەویش هەر بێتە سەر دینم
کە چون شێرانییە فیکر و خەیاڵی زیندەگی و ژینم
لەبەر تاڵی زەمانە و شەربەتی ئەشعاری شیرینم
هەتا ئەم دوو تەعامەم بێ خەیاڵی شەکر و چا ناکەم

چ خۆشە تا ژیانت بێ لەلای کەس کەچ نەکەی گەردن
عەرەق بڕژێ لەناو چاوت لە ڕێگەی کاسبیکردن
بەشەرتێ سەر بەسەربەستی لە مەیدانا بەدەربردن
بە شاڵی خاکەکەم ڕازیم و ئەیپۆشم هەتا مردن
لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتە و کەوا ناکەم

لەبەر پەستی گەلی کوردە کە وا ڕەنج و تەقالامە
لەسەر ئەم هۆزە چل ساڵە بەتەنیا هەوڵ و داوامە
بەتاڵانی لەدەس دەرچوو سەفای ئەم زێد و ماوامە
مەلایی و خوێندەواری خوو و ڕەوشتی خۆم و باوامە
کەچی من ئارەزووی نان و ژیانی وەک مەلا ناکەم

لە داخ ئەم چەرخە کەچبازە هیلاک و سینەچاک چاکم
وەکوو تەیرێ هەڵۆ لێی دا کز و خەڵتانی ناو خاکم
بەبێهۆشی ئەسووڕێمۆ ئەڵێی سەرگێژی تریاکم
وەها غەرقی مەراقی پڕجەخاری کاری ناپاکم
ئەگەر خۆم بم بە لوقمان سەدیەکێ دەردم دەوا ناکەم

دە شەرتە شەرتی مەردی بێ لە دنیا تا حەیاتم بێ
نە هیوای سەر قەڵەمدانە و نە ئومێدی خەڵاتم بێ
لەسەر ئەم حاڵەتی خۆمە ئەگەر بێت و سوباتم بێ
بەئوممێدم بەسەربەستی لە حەشریشا نەجاتم بێ
لە دنیادا کە هیچ کەس تووشی ئازار و بەڵا ناکەم

قەناعەت چاکە وا چاکە بساچێنم بە شۆرباوێ
کەوای تاقەی منەت لابەم لەبەر کەم شاڵ یا جاوێ
لەبۆ دانەی تەماعکاری نەکەومە گێژی هیچ داوێ
ئەگەر شیعرێ بڵێم و نەشری کەم هیچم لە کەس ناوێ
لە فیکرا پەیڕەوی مەرحوومی زاتی "شێخ ڕەزا" ناکەم

هەزاران ئافەرین «موفتی» لە ڕەفتار و لە ئایینت
بەوەڵڵا حەیفە تۆ بمری و برات هەڵکاتە تەڵقینت
لەگەڵ تووتنچی تێکەڵ کە دە «قانع» شیعری ڕەنگینت
ئەگەر «موفتی» یەکێ پەیدا نەکەی هاودەرد و هاودینت
بڵێ تا هەم شکاتی گەردشی چەرخی لەلا ناکەم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩٦٢

 

✓ موفتی پێنجوێنی

ئەگەرچی لەحزەیەک دەرد و خەم و قەهرم بەبا ناکەم
ئیلاهی زۆر شوکور ئوممێدی نانێ من لە شا ناکەم

لە سایەی زەحمەتی قاچ و سەر و شان و دەس و ئەستۆم
لەبۆ کەس چاولەبەر نیم و خەیاڵی ڕێی ڕیا ناکەم

لەبەر تاڵی زەمانە و شەربەتی ئەشعاری شیرینم
هەتا ئەم دوو تەعامەم بێ خەیاڵی شەکر و چا ناکەم

بە شاڵی خاکەکەم ڕازیم و ئەیپۆشم هەتا مردن
لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتە و کەوا ناکەم

مەلایی و خوێندەواری خوو و ڕەوشتی خۆم و باوامە
کەچی من ئارەزووی نان و ژیانی وەک مەلا ناکەم

وەها غەرقی مەراقی پڕجەخاری کاری ناپاکم
ئەگەر خۆم بم بە لوقمان سەدیەکی دەردم دەوا ناکەم

بەئوممێدم بەسەربەستی لە حەشریشا نەجاتم بێ
لە دنیادا کە هیچ کەس تووشی ئازار و بەڵا ناکەم

ئەگەر شیعرێ بڵێم و نەشری کەم هیچم لە کەس ناوێ
لە فیکرا پەیڕەوی مەرحوومی زاتی "شێخ ڕەزا" ناکەم

ئەگەر «موفتی» یەکێ پەیدا نەکەی هاودەرد و هاودینت
بڵێ تا هەم شکاتی گەردشی چەرخی لەلا ناکەم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩٦١

 

✓ بەسەرهاتێکی دوو هاوڕێ

جارێک لە سەروەختی لاویەتیدا هاوڕێ و هاوکار بانگهێشتی شوێنێک دەکرێن بۆ نانخواردن. لە رێگەدا هاوڕێ بەردەبێتەوە و دەبوورێتەوە و دەیبەنە نەخۆشخانە. کە بەهۆش خۆی دێتەوە دەبینێت لەلای سەریەوە هاوکار دەگری. هاوڕێ لێی دەپرسێ دەمرم؟ هاوکار سەری بەرز دەکاتەوە و سەیری ئاسمان دەکات تا هاوڕێ فرمێسکەکانی نەبینێت و دەڵێت: وەڵا گوێم لە فڕکەی باڵی ئیزرائیلە، جا نازانم بۆ تۆ هاتووە یان بۆ من! ئەم بەسەرهاتەیان دوای چەن ساڵێکی تر لە سەروەختی پیریدا گێڕاوەتەوە و هاوکار گوتوویەتی: خەمی هاوڕێم نەبوو، بۆ ئەو ژەمەنانە بەپەرۆش بووم کە لەکیسمان چووبوو!

  • لە پەڕەیەکدا ئەم بابەتەم بینی کە بەناوی هەژار و هێمنەوە بڵاو کرابووەوە و بەجێی هاوڕێ، هێمن و بەجێی هاوکار، هەژار لە چیرۆکەکەدا بوون؛ بەڵام ئەندامانی پەڕەکە لەژێری بابەتەکەدا نووسیبوویان هیچ پەیوەندییەکی بەم دوو شاعیرەیەوە نییە!

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩٦٠

 

✓ مەزڵووم

قەڵەم قوربانی نووکی خامەت بم
دیسان بەفیدای سەتری نامەت بم

بنووسە مەدحی شای خەیرولبەشەر
یەعنی موحەممەد شەفیعی مەحشەر

بهێنە تەحریر سەڵات و سەلام
بۆ خۆی و ئەهل و ئەسحابی کیرام

شەو و ڕۆژ دائیم سەڵات و سەلام
بنووسە نەعتی شای خیرولئەنام

لەبەر تۆ کردم دنیا و ما فیها
بەڕ و بەحر و ئاو هەم باد و هەوا

تۆم کرد بە شافیع ڕۆژی قیامەت
شەفاعەت بکەیت خۆش بە لە ئومەت

بۆ موعجیزەی ئەو بەردی بێ گیان
هێنایە گوفتار هەر وەکوو ئینسان

ئەو موستەفایە دۆستی خوایە
لەبەر ئەو دنیاش هاتۆتە کایە

لە ڕۆژی حیساب ساحێب گوناهان
ئەکەیت شەفاعەت لە ڕۆژی دیوان

عاسی و خەتابار لە ئوممەتی تۆ
ئەبەخشێ لەبەر خۆشەویستی تۆ

خودا بەجاهی شای بۆراقسوار
خۆش بە لە جەوری «مەزڵووم»ـی هەژار

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩٥٩

 

✓ بێسارانی

یاران من نەفەس یاران من نەفەس
پەی دیەن شەخسێ پێم مەندەن نەفەس

ئەر ڕۆیێ سەد جار بوینوو ئەو کەس
نە چەم مەبۆ تێر نە دڵ ماچۆ وەس

ئەوسا کە ملۆ مەشۆ گیانم
مەیەوە بە تەن مەدۆ ژیانم

سا با دوور نەبۆ جە دیدەم ساتێ
نەبا بە ئاھم سۆچۆ وڵاتێ

واتە:

یاران من نەفەسێکم پێ ماوە ...
بۆ بینینی کەسێک هەناسەیەکم پێ ماوە
ئەگەر ڕۆژێ سەد جار ئەو کەسە ببینم 
نە چاوم تێر ئەخوا نە دڵم ئەڵێ بەسە
هەر کاتێکیش کە ئەو ئەڕوا دەرئەچێ گیانم
کاتێک دێتەوە ژیانم پێ ئەبەخشێ
ئیتر با لێم دوور نەبێ ساتێ
نەوکوو بە ئاهی دەروونم بسووتێ وڵاتی ژینم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry