✓ مەلا حەسەنی دزڵی

کەسایەتیی ناودار و خواناس و شاعیر مەلا حەسەنی دزڵی ماوەیەک لە وڵاتی میسر لە زانکۆی ئەزهەر مامۆسا دەبێ و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و لە گوندی دزڵی نیشتەجێ دەبێ. لەم کاتەدا کە دەگەڕێتەوە تووشی هەژاری و نەدارییەکی زۆر دەبێتەوە. هەر لەم کاتەدا حاکمی هەڵەبجە کە کەسێکی ئینگلیسی دەبێ دەنێرێ بەدوایدا تا بیکا بە سەرنووسەری تایبەتی خۆی و وانەبێژ و قازیی مەحکەمەی هەڵبجە؛ بەڵام کاتێ دەگاتە هەڵەبجە، ئەبینێ کە کابرا سەگێکی لە باوشدایە و قسە لەگەڵ مەلا حەسەندا دەکات. مەلا حەسەنی دزڵیش ئەمەی پێ ناخۆش دەبێت و هەموو ئەو پۆستان ڕەد دەکاتەوە و بەم شیعرە وڵامی دەداتەوە:

سەر وەک مەسینە سەگ لەسەر سینە
"الخبیثاتُ لِلخبیثین"ـە

ئاخر کام ئینسان دەسەبرای سەگە
ڕەفێقی تانجیم پێ ناشیرینە

هەر کەسێ سەگی کرد بە هاوخوانی
ئەوە نۆکەری ئینگلیسینە

قودرەت و سەروەت جاھ و جەلالات
پێشکەش بەوانەی پێیان شیرینە

سەد تف و لەحنەت لە قوربان قوربان
لە ئاغا فەرمووی یەکجارم قینە

خۆم زەلیل ناکەم بۆ فلس و دینار
ئەویش لە سایەی عیززەتی دینە

پێم خۆشە نانی جۆڕەشی عەباڵ
دۆینەی خەجیجە و فاتە و جەمینە

کاڵا و کڵاشی ساختەی هەورامان
نایدەم بە قۆنرەی چەرمی مەکینە

ئیسلام و عیززەت عیلم و کەرامەت
کورد و شەرافەت ڕەسمی دێرینە

هەیهوو چەن دوورین من و نۆکەری
ئەمەش هەر جۆرێ کاسەلێسینە

سەلام سەییدی ویرمەنە دینار
خوویەکی پیس و زۆر ناشیرینە

ناکەومە پینەی درۆی ئاغایان
کەوش و کراسی خۆم ئەکەم پینە

ئاخر من قورئان وا لەسەر سینەم
"الطّیِّباتُ للطّیّبین"ـە

من هەڵۆی لووتکەی بەرزی داڵانیم
هەرگیز وەک قاڵاو ناکەومە چینە

«حەسەن» بۆ مەقام نۆکەری ناکا
سەد جار ڕیامە ئەو جۆرە ژینە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry