٢٧٨٥
✓ شێرکۆ بێکەس
بۆتان بێ عشقی «مەم و زین» ئەبێ چی بێ
مەم و زین بێ شیعری خانی ئەبێ چی بێ
خانی بێ شەوقی زمانی کوردی چییە
کورد کە کوردستانی نەبوو ئەبێ چی بێ
کوردستانیش
بێ ئاگرەکەی
شاری کەرکووک
ئەبێ چی بێ و
ئەبێ چی بێ و
ئەبێ چی ...
✓ شێرکۆ بێکەس
بۆتان بێ عشقی «مەم و زین» ئەبێ چی بێ
مەم و زین بێ شیعری خانی ئەبێ چی بێ
خانی بێ شەوقی زمانی کوردی چییە
کورد کە کوردستانی نەبوو ئەبێ چی بێ
کوردستانیش
بێ ئاگرەکەی
شاری کەرکووک
ئەبێ چی بێ و
ئەبێ چی بێ و
ئەبێ چی ...
✓ شێرکۆ بێکەس
ئەگەر باڵدار بم یەکباڵم
ئەگەر بەڕوو
ئەگەر قەڵەم
یان کڵاوکوڕەی شیعریش بم
بێ کڵاوم
گەر ئەسپ بم خاوەنی تاقەیەک چاوم
ئەگەر «با» بم بێ گڤەم و
ئەگەر ئاو بم بێ خوڕەم و
ئەگەر ھەنگوینی وشەیش بم
لەناو زاری ئازادیمدا
تفت تفت و ھەر بێ تامم
من کوتومت بەبێ کەرکووک
مرۆڤێکی کەمەندامم
✓ قەرزار
دەنگی کەرکووک خوێنی مێژووی دوژمنی خۆی تاڵ ئەکا
شیوەنی پرچی درێژی باسی چەنسەد ساڵ ئەکا
گوێ لە هەر کۆڵانێ دەگری دێتە کوڵ دایکی شەهید
دەس لەسەر سینەی بەحوزنۆ زوڵفی ژین تاڵتاڵ ئەکا
چەن کەڕەت ئاوارەیە و لای کێ فریوی خواردووە
ئەو کەسە دێت و بەجۆرێ خۆی بە خاوەنماڵ ئەکا
بابەگوڕگوڕ پێکەنینی دێ و دەڵێ سەرشۆڕەکان
شاری کوردان کەی شەقامی دەستەمۆی پۆستاڵ ئەکا
جاربەجارێ خوێڕییەک سەر دادەخاتە بەر تەماح
هەر ئیرادەی گەل خرۆشا باوەڕی خۆی زاڵ ئەکا
دەستی ڕۆڵەی گیانفیدای خۆی داوەتە دەستەی چەکوش
لاقی پیسی شەلکراوی حەشدی وەحشی ناڵ ئەکا
هەستی شاعیر تا دەماری ڕۆژی ڕوون هەڵدا بەیان
دێڕەکانم خۆی بە تیشکی بانگەوە سەرقاڵ ئەکا
✓ کەمالی
عاقیبەت تەئسیر ئەکا هاوار و ئۆف و ئاخی کورد
مەرهەم ئەکرێ زامی جەرگی پڕبرین و داخی کورد
ڕۆستەمی مازندەران شێری ژیان بەبری بەیان
ناگرن بەرگەی هوجوومی عەسکەری قازاخی کورد
کێ ئەڵێت کورد مردووە کورد نامرێ هەر زیندووە
مەرهەم ئەکرێ زامی جەرگی پڕبرین و داخی کورد
✓ مارف ئاغایی
مەرگی شەهید
وەکوو مەرگی خۆرەتاوە
دەمەوئێوارێکی درەنگ
پەنجەی چڵکنی هەور
خوێنی هەتاوی لێ دەتکێ
تەرمی لە خوێن گەوزاوی خۆر
بۆ باوەشی گڵکۆ دەخوشێ
بەربەیانی
لەسەر کێلی ڕۆژهەڵاتی ئەم گڵکۆیە
هەر دڵۆپێک
دەبێتە پەیکی گزینگ و تاریکایی دەشواتەوە
مەرگی شەهید
وەکوو مەرگی خۆرەتاوە
✓ مارف ئاغایی
خاک
توانای کۆچی نییە
ئەوەیە ڕازی مانەوەی هەمیشەییی من
لەم وڵاتەدا
✓ فایەق بێکەس
کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە
دوودڵن پیسن لەگەڵ یەک بۆیە وا بێلانەیە
میللەتێکن بۆ نەمانی یەکتری هەر هەوڵ ئەدەن
داخەکەم ورد و درشتی شێت و شەیدای عانەیە
سەنعەت و عیلم و مەعاریف زەڕڕەیەک باوی نییە
پیاوەتی لایان بەتەنها جەفتە و جامانەیە
بۆ قسەی زل بێ قسوورن باسی کوردییەت ئەکەن
کوردییەت خورمایە بۆ چی یان قسەی شێتانەیە
میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق چۆن بە ئیستقلال ئەگا
واسیتەی بەرزی تەرەققی هیمەتی مەردانەیە
✓ شێرکۆ بێکەس
وەک چۆن ئاسمان، بێ ئەستێرە، یان بەهار بێ گوڵ
ئەم کوێر ئەبێ و ئەو جوانەمەرگ، ئەچێتە ژێر گڵ
بێ چاوی تۆش، چاوی شیعرم، کوێرە و ڕێنەبین
بێ لێوی تۆ، ئازیزەکەم، بەهار و گوڵ چین
✓ شێرکۆ بێکەس
تەنیا هەر چرای دەس کوردایەتی
شەوی خاکەکەم ڕوون ئەکاتەوە
بەتەنیا بازووی ڕێی مەردایەتی
تەوقی گەردنم لێک ئەکاتەوە
✓ سوارە ئیلخانیزادە
پاییزە دار و دەوەن بێ بەرگە
دڵ پەشۆکاوی خەیاڵی مەرگە
هەر گەڵایێ کە لە دارێ دەوەرێ
نووسراوێکە بە ناخۆش خەوەرێ
تاو هەناوی نییە وا مات و پەشێو
لەشی زاماری دەکێشێتە نشێو
ڕۆژ پەڕە، ساردە کزەی بای زریان
کاتە بۆ ژینی لەدەسچوو گریان
دڵی پڕ بوو لە پەژارە و لە دڵۆ
ژینی خۆی هاتەوە بیر پیرەهەڵۆ
بە قسە خۆشە مەترسیی مردن
تاڵە ئەو هەستی بە مردن کردن
کاتی کۆچکردنە وەختی سەفەرە
داخەکەم سەختیی نەمانم لەبەرە
هەر بینا هات ئەجەل و من مردم
با لە شیوێ پەڕ و باڵی بردم
تۆ بڵێی پاشی نەمان ژینێ بێ
بۆ لەشی ساردەوەبوو تینێ بێ
تۆ بڵێی ئەو خەوە هەستانی بێ
یا نە ئەو قافڵە وەستانی بێ
مەرگە دێ و دوا بە هەموو شت دێنێ
هەموو ئاواتێ لە دڵ دەستێنێ
پاشەرۆکێکی بکەم لەم باخە
تاکوو باڵ و پەڕی من پەرداخە
هەر بڕۆم نابەڵەد و بێسەروشوێن
دیار نییە خێڵی هەڵۆیان لە کوێن
شارەزای ڕێگەیی مردن کێیە
چییە ئەو مەنزڵە کوێنەی جێیە
نابمە ڕێبواری کەلی هات و نەهات
چارە کەم بەشکوو ئەوا هات و نەهات
خۆی بە خۆی گوت کە دەچم بۆ لای قەل
کەیخودای پیر و بەبیری گەلی مەل
هەڵفڕی ڕاوکەری زاڵی کەژ و کێو
لە چیای بەرزەوە ڕووی کردە نشێو
کەوتە ئەو دەشتە لەترسا تەق و ڕەو
دەرپەڕی کوڕکوڕ و کڕ مایەوە کەو
هاتە لای قەل بەکزی و بێ وازی
قەل کوتی مامە هەڵۆ ناسازی
کوتی قاڵاوەڕەشەی پسپۆڕم
پیرم و پێیە لە لێوی گۆڕم
باخی ژینم بە خەزان ژاکاوە
کاتی مەرگە و ئەجەلیش ناکاوە
پێم بڵێ چۆنە کە تۆ هەر لاوی
زۆر بە ساڵ پیری بەڵام چا ماوی
هێزی ئەژنۆم نییە باڵ بێ هێزە
هەموو گیاندارێ ژیانپارێزە
قەل کوتی باشە کە گوێ ڕادێری
پەندی من پاکی بە دڵ بسپێری
ئەو دەمە بابی بەهەشتی من مرد
دوور لە تۆ دەرد و بەڵای ئێوەی برد
پێی کوتم ڕۆڵە هەوای ڕاز و نزار
هەیەتی دەرد و نەخۆشی بە هەزار
دیق و زەردوویی و ئاهۆ و وەرهەم
بە گژەی بای بەقەوەت دێن بەرهەم
گۆشتی کەو چەندە کە تامدارە بەناو
هەنگ و هاڵاوێ دەهەنوێتە هەناو
تا وزەی بیر و خەیاڵ سەر دەکەوی
کە لە گوڕ کەوتی وەها وەر دەکەوی
پەین و پاڵێ کە لە پاڵی دێیە
مەنزڵی نۆکەری خۆتی لێیە
کەرە تۆپیو و کەلاکی گوێلک
هەڵمی دڵ ڕوونکەرەوەی سەرگوێلک
پێکەوە چینە بکەین لەو پەینە
بۆی سەنێر مەڵحەمی بیر و زەینە
ورد بەوە چەندە بەمانا قووڵە
مەسەلە و گفتی قەلی ماقووڵە
بیکە سەرمەشقی ژیان ئەو ئیشە
هەر لەسەر داری نەوی هەڵنیشە
هاتەوە بیری هەڵۆ ڕابوردووی
پاکی بووژانەوە یادی مردووی
گوڵ کرا ڕایەخ و پایەندازم
چەندە ئاژوا لەشی کێو ئاوازم
چەندە ڕوانیمە زەوی لەو بانە
کێو و دەشت لەو سەرەوە چەند جوانە
چەن چکۆلەن پەلەوەر لەو بەرزە
ئاخ کە چەن خوێڕیگرە ئەم عەرزە
چەندە ڕاوی کەو و کەوباڕم کرد
دوژمنی تاقمی شمقاڕم کرد
کۆلکەزێڕینە وەکوو تاقی زەفەر
ئاسمان بۆ منی بەست کاتی سەفەر
حەوتەوانان بوو میداڵی شەڕی من
چەندە شۆراوە بە خوێن شاپەڕی من
ئێستە بۆ وا ڕەبەن و داماوم
من هەڵۆ چاو لە دەمی قاڵاوم
سا کە ئەو کارە وەها ساکارە
مەرگە میوانی گەدا و خونکارە
هەوری ئاسمان بێ خەڵاتم باشە
یا لەشم خاشە بکێشن باشە
کوتی وا ژینی درێژ پێشکەشی خۆت
گۆشتی مندارەوەبوو هەر بەشی خۆت
ژینی کورت و بەهەڵۆیی مردن
نەک پەنا بۆ قەلی ڕووڕەش بردن
لای هەڵۆی بەرزەفڕی بەرزەمژی
چۆن بژی خۆشە نە وەک چەندە بژی