٢٧٨٣
✓ قەرزار
دەنگی کەرکووک خوێنی مێژووی دوژمنی خۆی تاڵ ئەکا
شیوەنی پرچی درێژی باسی چەنسەد ساڵ ئەکا
گوێ لە هەر کۆڵانێ دەگری دێتە کوڵ دایکی شەهید
دەس لەسەر سینەی بەحوزنۆ زوڵفی ژین تاڵتاڵ ئەکا
چەن کەڕەت ئاوارەیە و لای کێ فریوی خواردووە
ئەو کەسە دێت و بەجۆرێ خۆی بە خاوەنماڵ ئەکا
بابەگوڕگوڕ پێکەنینی دێ و دەڵێ سەرشۆڕەکان
شاری کوردان کەی شەقامی دەستەمۆی پۆستاڵ ئەکا
جاربەجارێ خوێڕییەک سەر دادەخاتە بەر تەماح
هەر ئیرادەی گەل خرۆشا باوەڕی خۆی زاڵ ئەکا
دەستی ڕۆڵەی گیانفیدای خۆی داوەتە دەستەی چەکوش
لاقی پیسی شەلکراوی حەشدی وەحشی ناڵ ئەکا
هەستی شاعیر تا دەماری ڕۆژی ڕوون هەڵدا بەیان
دێڕەکانم خۆی بە تیشکی بانگەوە سەرقاڵ ئەکا
+ بڵاو کرایەوە لە 2017/10/21 ـدا کاتژمێر 20:4 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|