٤٦٦٠
✓ وەفایی (1844 - 1902)
ئەی چرای زوڵمەتکەدەی دڵ، ئەی جەلای نووری بەسەر
تۆ و جەماڵی باکەماڵت، ئافتابی یا قەمەر
شەو ئەگەر تۆ ماهتابی، ئینتیزاری تا بەکەی
رۆژ ئەگەر تۆ ئافتابی، بۆچ لە هەوران نایە دەر
جیلوەیێکت پڕ بە عالەم بۆ شەهیدان عومری نەو
خەندەیێکت پڕ بە دونیا بۆ نەخۆشان گوڵشەکەر
ئابوتابی ڕووتە مایەی سۆزش و گریانی من
گا غەریق و گا حەریقی میهری ڕووت وەک نیلووفەر
ئاوی چاوم بۆتە مایەی سۆزش و گریانی دڵ
گا نەخۆش و مەست و حەیران، گا بەهۆش و باخەبەر
وا فیگار و ڕەنجەڕۆم کافر بە حاڵی من نەبێ
بێقەرار و ئەشکبار و دوور لە یار و دەربەدەر
هێند لەبەر ئاوری فیراق و ئیشتیاقت مامەوە
بوو بە کۆی زووخاڵ دەروونم، بوو بە خوێن جان و جگەر
دەستی من دامانی زولفت با لە ڕووت مەحرووم نەبم
ڕەوشەنە موشکیلگوشای شەوزیندەدارانە سەحەر
دوێنێ دەیفەرموو بە هەویای وەسڵی ڕوخسارم مەبە
تا وەکوو زولفم نەبی گەردەنکەچ و دەستەونەزەر
سەد شوکر هێنامیە بەر ئەبرۆ لە قەیدی زولفی خۆی
پاشی عومرێکی درێژ باڵی هومای ئاویتمە سەر
حۆری عەین، ڕوحولقودوس، یاخۆ مەلائیک، یا پەری
یا ئەتۆ بووی وا خەرامان هاتی ڕۆحم هاتە بەر
خۆش بە ناز فەرمووی «وەفایی» عومری خۆی هیچ ڕابوارد
یا بە قوربانی دەمم بوو یا بە سەرگەردی کەمەر
ڤەژینبوکس