٤٦٢٣
✓ عاجز (1929 - 1967)
لە عیشقی چاوی غەممازی غەزەلخوانی نەکەم چ بکەم
لە نازی تاوسی چین، سینەسووزانی نەکەم چ بکەم
عەجائیب مانگی چاردەم دی، دوو مانگی یەکشەوەی پێ بوو
لەگەڵ دوو زەهرە لەم تەرتیبە حەیرانی نەکەم چ بکەم
لە باغی یار کە جاری بووی گوڵێکم کرد فیراقم بوو
ئیتر جانم فیدای خاوەن گوڵستانی نەکەم چ بکەم
شەڕابی لەعلی لێوی گەر بخۆن وەک من دەبن ڕیسوا
مەکەن لۆمەم کە فیکری مەیلی جارانی نەکەم چ بکەم
ڕەقیبی سەگسیفەت مەنعی ویسالی یاری لێ کردم
بە ئەفکار خۆم هیلاکی تیری موژگانی نەکەم چ بکەم
لە غەم تازە خەلاس نابی دڵی دێوانە و مەفتوون
نەما سەبرم خەیاڵی خەتت و خاڵانی نەکەم چ بکەم
لە حەسرەت ڕوویی لەیلا «عاجز» ـم مەجنوونسیفەت ناچار
وەکوو بولبول لە دەوری گوڵ سەحەرخوانی نەکەم چ بکەم
+ بڵاو کرایەوە لە 2024/2/25 ـدا کاتژمێر 21:52 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|