٢١٩٥
✓ مەحوی
لەپڕ بەردی ئەجەل بۆ شیشەیی عومرم نەوا بێ زوو
فیداتم دەست و بردێ ساقیا جامی شەرابێ زوو
چییە دنیا ژنێکە ھەر شەوی سکپڕ بە سەد فیتنە
سبەینێ زوو بە خوێنی جەرگی ئەھلی دڵ دەکا بێزوو
✓ مەحوی
لەپڕ بەردی ئەجەل بۆ شیشەیی عومرم نەوا بێ زوو
فیداتم دەست و بردێ ساقیا جامی شەرابێ زوو
چییە دنیا ژنێکە ھەر شەوی سکپڕ بە سەد فیتنە
سبەینێ زوو بە خوێنی جەرگی ئەھلی دڵ دەکا بێزوو
✓ سەیید تاهیر هاشمی
بەتاڵی بۆچ لە شاری [قەسری شیرین] دەربچێ یارم
دەخیلە غەوسی ئەعزەم ھیممەتی خۆت کە مەدەدکارم
کزەی سۆزی ھەناسەی سەرد و گەرمی ئاگری داخم
زەلیلی دەستی بێگانەم ئەسیری بەندی ئەغیارم
شکاوە شووشەکەی خاتیر بە بەردی تەعنی بەدخوازم
تکاوە قەترەکەی حورمەت بە ئاوی تاڵی گوفتارم
ئەمان لافاوی فرمێسکم نەکا خانەی ئەمەل کاول
دەخیلە بای ھەناسەم با نەبا ئەوراقی ئاسارم
بەسە یاری جەفای مەحبووب و تانەی ھەر کەس و ناکەس
خودایا ھیجری قیبلەم با نەبێتە ڕەنج و سەربارم
لە قاپی ڕەحمەتی تۆدا بەپەستی بەرزە لاڵەی من
ئیلاھی من جەفاپیشەم خودایا من گوناکارم
بەحەققی ئەو کەسەی وا جورعەنۆشی بەزمی [لَولاك]ـە
دەروونچاکم دەسا ڕەحمێ بە حاڵی خەستە و زارم
ئەمن بێحورمەتم خۆت حورمەتی دۆسانی خۆت بگرە
لەبەر خواری و زەلیلی دۆستی تۆ من بەرزە ھاوارم
موحەممەد تاھیری تاھیرنەسەبھا قەلبی غەمبارە
منیش [تاھیر] لە چاوان بۆ غەمی ئەو ئەشکی خوێنبارم
✓ مەحوی
لە نان و ئاو ئەوا ئیمساکیە مردووش ئەرێ زاھید
چ عوجبێکە ئەمەندە بۆ دەنازی تۆ بە مورتازی
قسە و باست لە عیرفانە کە چی دنیایە مەنزوورت
لە عینوانی جەواھیر جۆییایی و ڕوو لە ئەعرازی
✓ بێخود
لە کونجی خەڵوەتی غەمدا کە مەشغووڵی ڕیازاتم
شەو و ڕۆژ حەسری فیکری پەرچەم و ڕووی تۆیە ئەوقاتم
بڵێسەی دۆزەخی عەشقت منی ئاوارە کرد وەرنێ
بەخۆڕایی نییە ئەی جەننەتی عیرفانی تۆ لاتم
ئەگەر بۆ خزمەتت کاغەز نەنووسم چاوەکەم حەقمە
لەبەر بێچاوییە دوور بێ لە تۆ گەر بێموبالاتم
ئەگەر بێباوەڕی بڕوانە ئاوێنەی دڵی خۆشت
کە قوربانی دڵی ئاوێنە و حوسنی تەماشاتم
لە دیوانی چەمەنزاری مەحەببەت ھەر وەکوو قومری
بەڵاگەردانی سەروی میسرەعی مەوزوونی باڵاتم
لەبۆ میحرابی ئەبرۆی تۆیە گەر مەجبووری مزگەوتم
لە نەشئەی چاوی مەستی تۆیە مەفتوونی خەراباتم
ئەگەر فیلم لە بەردەست ئەسپی تۆدا فەرزە بەیدەق بم
وەگەر شاھم لە عەرسەی عیشقی تۆدا بێ ڕوخت ماتم
لە بەزمی حوسنی خۆتا تۆ خودا جارجارێ یادم کە
کە من پەروانەکەی ڕوخساری شەمعی مەجلیساراتم
بە شێخ نووری بفەرموو چاوەکانت ماچ ئەکا [بێخود]
بە یادی خانەیی خەمماری ئەو مەستانە وا ھاتم
✓ ئەحمەد موختار جاف
ئەم وڵاتە بێ سەفایە ساردە بۆ عوششاقی ڕووت
ئیشتیاقی بەر ھەتاوی ڕوومەتی خووبان ئەکا
✓ پێشمەرگە
پێشمەرگە وشەیەکی کوردییە بۆ ناوی شەڕکەرە کوردەکان کە ھەندێک بە شەڕکەرانی ئازادی ناویان دەبەن. وشەکە بە واتای [ئەوانەی کە مەرگی خۆیان پێش ھەموو شتێک خستووە لەپێناو پاراستنی نیشتمان] دێت و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو کاتەوە ھەیە کە جووڵانەوەی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی لە سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠ ـدا دەستی پێ کردووە، ئەمەش دوابەدوای ڕووخانی ھەر دوو ئیمپراتۆریی عوسمانی و قاجاڕ بوو کە ناوچەکانی کوردستان لە ژێردەستیاندا بوو. ئەم ناوەش بۆ یەکەم جار لەلایەن کۆماری کوردستانەوە لە ساڵی ١٩٤٦ بۆ ناوی چەکدارانی کورد بەکار هاتووە کە لەلایەن چایچییەکەی پێشەوا قازی موحەممەدەوە پێشنیار کرا پاشان بە ناوێکی گونجاو هەڵبژێردرا.
✓ قانێع
من کە کوردم با بنووسم دەفتەر و دیوانی کورد
تا بەڵەد بن ئەو کەسانە موددەعین میزانی کورد
هەر کەسێ ئەسپی ئەجەل تاو دا لەسەر عەرسەی فەنا
پێ بنێتە بەزمگاە و مەعرەکەی مەیدانی کورد
کێ ئەڵێ نەمچەشتووە نووکی ڕمی کوردینژاد
ڕانی دەرخا تا ببینم داغمەی شێرانی کورد
قوڕ بپێوێ دایکی ئەو شەخسە ئەڵێ من موددەعیم
چۆن خەڵاسی بۆ ئەبێ هەرگیز لەدەس مەردانی کورد
ئاشکرایە هەوڵی کورد ئەمڕۆ بە بانگی بەرز ئەڵێم
بێن تەماشا کەن عەزیزم مەکتەب و عیرفانی کورد
سەیری لوبنان و گەڕانی چین و ماچین بۆ بکەم
تا ببێ بەفراو و مێرگ و چیمەن و کوێستانی کورد
مەزهەری لوتفی خودایە خاکی کوردان [قانعا]
تۆ ئەزانی چی بنووسی دەفتەر و دیوانی کورد
✓ ئاران
دوو دڵین و قەت لە یەک سەرچاوە ئاو ناخۆینەوە
سەرچڵین و تازە بۆ یەک ڕیشە قەت ناڕۆینەوە
دوو شەپۆلین دەمبەدەم یەکتر دەخنکێنینەوە
تیشکی یەکتر چەشنی دوو ئاوێنە دەشکێنینەوە
دوو ژمارەین نابەرابەر تازە یەک ناگرینەوە
نا بە هیچ بارێ لەسەر هیچ هێڵێ کۆ نابینەوە
وەک دوو میلی کاتژمێرین قەت بەیەک ناگەینەوە
دوو بەرەی نامۆین کە خەونی یەک بەسەر ناکەینەوە
دوو ترۆپکین ئەستەمە ئیتر بپەیڤین پێکەوە
ساڵەهایە دوو یەکین کەوتووینە ناو جەغزێکەوە
✓ قانێع
لە تۆزی ئاشەدا غەرقم لە تەوقی سەر ھەتا ئەژنۆم
نە ترسی ئەمری مافەوق و نە مەحکوومی بەراتی تۆم
بەڵام چەن خۆشە ئەو تۆزە کە ھەر خۆم ئامیرم بۆ خۆم
لە سایەی زەحمەتی قاچ و سەرشان و دەس و ئەستۆم
لەبۆ کەس چاولەبەر نیم و خەیاڵی ڕێی ڕیا ناکەم
✓ کوردی
کوللی عالەم وا بوون سەرگەشتە و حەیرانی عیشق
ھیچ کەسێ نازانێ ئەحواڵی سەر و سامانی عیشق
بادەپەیمانانی ئیدراک و کەماڵی عارفان
لەنگ و عاجز بوون لە ڕێتەیکردنی مەیدانی عیشق
گەر چی غەوواسانی فیکرەت غووتەوەر بوون موددەتێ
قەت نەبوون واقف لە قەعری بەحری بێ پایانی عیشق
سامری و سەحبان و جاڕوڵڵا و لوقمان و سەتیح
موخبیری کوللی عولوومێ بوون و سەرگەردانی عیشق
حافز و سەعدی و نیزامی و قەیس و جامی و دێھلەوی
فەیزخاھ و مەعریفەتجۆ بوون لە شاگردانی عیشق
خوسرەو و مەحموود و فەرھاد ھەر سێ شا و شازادە بوون
ئاخری بووشن بە بەندە و چاکەیی سوڵتانی عیشق
شەمس و مەولانا و مەنسوور کەی بە سڕ مەحرەم دەبوون
تا نەیانخواردایە ڕێزەنانی سفرەی خانی عیشق
زاھیدا خوێندووتە تەفسیری [لِكلِّ وَجْهَة]
قەت مەدە تەعنە لە مەستی و بێخودی ڕەندانی عیشق
مولتەجی نابم بە کەس [کوردی] لە دونیا و ئاخیرەت
ڕۆژی دیوانی خودا دەستی من و دامانی عیشق