٢١٩٤
✓ سەیید تاهیر هاشمی
بەتاڵی بۆچ لە شاری [قەسری شیرین] دەربچێ یارم
دەخیلە غەوسی ئەعزەم ھیممەتی خۆت کە مەدەدکارم
کزەی سۆزی ھەناسەی سەرد و گەرمی ئاگری داخم
زەلیلی دەستی بێگانەم ئەسیری بەندی ئەغیارم
شکاوە شووشەکەی خاتیر بە بەردی تەعنی بەدخوازم
تکاوە قەترەکەی حورمەت بە ئاوی تاڵی گوفتارم
ئەمان لافاوی فرمێسکم نەکا خانەی ئەمەل کاول
دەخیلە بای ھەناسەم با نەبا ئەوراقی ئاسارم
بەسە یاری جەفای مەحبووب و تانەی ھەر کەس و ناکەس
خودایا ھیجری قیبلەم با نەبێتە ڕەنج و سەربارم
لە قاپی ڕەحمەتی تۆدا بەپەستی بەرزە لاڵەی من
ئیلاھی من جەفاپیشەم خودایا من گوناکارم
بەحەققی ئەو کەسەی وا جورعەنۆشی بەزمی [لَولاك]ـە
دەروونچاکم دەسا ڕەحمێ بە حاڵی خەستە و زارم
ئەمن بێحورمەتم خۆت حورمەتی دۆسانی خۆت بگرە
لەبەر خواری و زەلیلی دۆستی تۆ من بەرزە ھاوارم
موحەممەد تاھیری تاھیرنەسەبھا قەلبی غەمبارە
منیش [تاھیر] لە چاوان بۆ غەمی ئەو ئەشکی خوێنبارم
ڤەژینبوکس