٢١٩٢
✓ بێخود
لە کونجی خەڵوەتی غەمدا کە مەشغووڵی ڕیازاتم
شەو و ڕۆژ حەسری فیکری پەرچەم و ڕووی تۆیە ئەوقاتم
بڵێسەی دۆزەخی عەشقت منی ئاوارە کرد وەرنێ
بەخۆڕایی نییە ئەی جەننەتی عیرفانی تۆ لاتم
ئەگەر بۆ خزمەتت کاغەز نەنووسم چاوەکەم حەقمە
لەبەر بێچاوییە دوور بێ لە تۆ گەر بێموبالاتم
ئەگەر بێباوەڕی بڕوانە ئاوێنەی دڵی خۆشت
کە قوربانی دڵی ئاوێنە و حوسنی تەماشاتم
لە دیوانی چەمەنزاری مەحەببەت ھەر وەکوو قومری
بەڵاگەردانی سەروی میسرەعی مەوزوونی باڵاتم
لەبۆ میحرابی ئەبرۆی تۆیە گەر مەجبووری مزگەوتم
لە نەشئەی چاوی مەستی تۆیە مەفتوونی خەراباتم
ئەگەر فیلم لە بەردەست ئەسپی تۆدا فەرزە بەیدەق بم
وەگەر شاھم لە عەرسەی عیشقی تۆدا بێ ڕوخت ماتم
لە بەزمی حوسنی خۆتا تۆ خودا جارجارێ یادم کە
کە من پەروانەکەی ڕوخساری شەمعی مەجلیساراتم
بە شێخ نووری بفەرموو چاوەکانت ماچ ئەکا [بێخود]
بە یادی خانەیی خەمماری ئەو مەستانە وا ھاتم
ڤەژینبوکس