✓ وەفایی
لەژێر باڵی هوما جێی بازی شاهی قەسری شاهان بووم
درێغا! ئێستە وێرانەی سیسار و جوغدە جێگاکەم
جەنازەم دی سەری ڕاگرت و فەرمووی گوێم لە ناڵەت بێ
درێغا! جێبەجێ بوو، هاتەجێ تەعبیری ڕوئیاکەم
خودا بۆ خۆی دەزانێ مەنبەعی نووری خودایی بووی
درێغا! نەخلی ئەیمەن، مەزهەری نووری تەجەللاکەم
نەسیمی فەیزی تۆ دین و دڵی دووبارە ئیحیا کرد
درێغا! وەک مەسیحا باعیسی ئیحیایی مەوتاکەم
دەلیلی تالیبان بووی، بۆ خودا، وەک ڕۆژ هووەیدایە
درێغا! مورشیدی دەوران و خورشیدی هووەیداکەم
لە سایەی تۆ گەلێ کەس بوونە عاریف، ڕێی خودایان گرت
درێغا! عاریفی ڕێگەی خودا و ئەهلی تەقواکەم
موریدانی دەری تۆم دی بە چاوی خۆم، لە ئینس و جان
درێغا! بۆ ئیمامی ئینس و جان مەولایی ئەولاکەم
بەڵایێک هات و پێی گیرا، بە بایێک نووری کووژاوە
درێغا! شەمسی عیرفان و چرای تاریکەڕێگاکەم
لە حەڵقەی تالیبان وا هەر دەبارێ نوور لە تەشریفت
درێغا! بۆ سەر و سەرحەڵقەیی ئەولادی "تاها"ـکەم
ئەمن نادان و نەمزانی، ئەرێ بۆچ عاریف و عامی
وەکوو پەروانە سووتابوون لەبەر شەمعی شەباراکەم
لەبەر چاوی نەزانان ساحیر و زەندیق و کافر بووی
درێغا! پیری "بەستام"، قوتبی "خەرقان"، غەوسی بەغداکەم
© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry