✓ سابیری

تا زیکری دەم و فیکری دڵت ناوی خودایە
سەرپاکی وجوودت لە بەڵا دوور و جودایە

دەروێش ئەگەر خزمەتی خاڵی لە ڕێیا بێ
سوڵتان لەبەر قاپییەکەی ڕووت و گەدایە

ئەو وەختە کە تۆ خەوفی خودا بێتە خەیاڵت
سوڵتان لەبەر چاوی دڵت ڕووت و گەدایە

دەستی تەمەعت خستووەتە گەردنی دونیا
ڕۆحت بە سەروماڵەوە قوربان و فیدایە

ئەی مەردی خودا دەستی تەمەع بەردە لە دونیا
بێ فائیدەیە باوەژنە مەیکە بە دایە

هەرکەس بەدەسی نەفسەوە داماو و زەبوونە
سەد شێخ و مەلا بێ، بەخودا دووری خودایە

لەو ساوە سکەی لیرە ئەخوێنێتەوە چاوت
تاریکی تەریقی تەرەفی دینی خودایە

زەڕەی کەر و زڕەی درەم و زێڕ کەری کردی
نابیێی لە مەلا ڕۆژی جەزا هەوڵ و سەدایە

کوا گەندومی چاکەی تۆ لە تۆماری عەمەلدا
سەد خانە برنجت لە قەباڵە و سەنەدایە

«سابیر» بە کەوای تازەوە تۆ چاکیری نەفسی
ئازا ئەوەیە حوڕڕە لە بەرگی شڕەدایە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry