٢٧٥٠
✓ شێرکۆ بێکەس
ئاخر چۆن بسووتێم؛ ڕۆشن نیم
ئاخر چۆن هەڵوەرێم؛ پاییزی شیعر نیم
ئاخر چۆن شارەزوور هەورم بێت؛ سێڵاوی وشە نیم
ئاخر چۆن حەبیبە ئاسکم بێت؛ من دەشتی پاراوی خەیاڵ و بەستە نیم
کەم بووە شەوانە خەم نەزێ و ئەستێرەی شیعرێکی لێ نەبێ
کەم بووە ڕۆژانە من نەبم بە هەڵم و دانەکەم بۆ شەوێ
زیاتر لێی ئەچمە پێشەوە
بۆ مژینی خەمی سپی
خۆشەویستیم ئەبێ بە هەنگ
ڕیشی بە باخ
زیاتر لێی ئەچمە پێشەوە
هێواش هێواش
هەردوو کۆترەساردەکانی دەستی ئەگرم
هەر بەدەم گمەی شیعرەوە ئەیانخەمە ناو سنگمەوە
بە گریان دایان ئەپۆشم
هەوڵیش ئەدەم زەینی خۆم بکەم بە ماسی
بۆ ئەو بەحرەی لە بەردەمما دانیشتووە
هەوڵیش ئەدەم تەماشام بکەم بە بەران
بۆ ئەو کێوەی بەرامبەرم ڕاوەستاوە
دواتر ئەدوێم
ئەبم بە چیمەنی قسە
بە چوار دەورا ئەتەنمەوە
ئەوسا ئیتر بەدرێژیی باسی شار و هەناسەکانی بۆ ئەکەم
باسی سووڕانەوەی مێژووی خوێنی بەدەوری کوردا بۆ ئەکەم
حیکایەتی بێ کۆتاییی "ڕیس و خوری"ـی تفەنگەکانی بۆ ئەکەم
باسی "تاقمی مومتاز"ـی قوربانییەکانی بۆ ئەکەم
شەڕی نێوان سەری خۆم و دەستی خۆمی بۆ باس ئەکەم
ڕووناکیی بۆ ئەگێڕمەوە
تاریکیی بۆ ئەگێڕمەوە
ئینجا تۆزێ ئەچمە دواوە
ئەو ماچانە و دیوانە تازەکەی خۆی و
ئەو کوڵەباڵەی
بە دیاری مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس بۆی ناردبوو
ئەیان پێچم لە ڕێحانەی بیارەوە و لەسەر ڕانی بۆی دائەنێم
ماچەکان ئەخاتە سەرچاو
پڕ بە گیانی ئاوارەیی بۆنی ڕێحانەکان ئەکات
هەر لەوێدا کوڵەباڵیش لەبەر ئەکات ...
ڤەژینبوکس