٣١٦١

 

✓ شێرکۆ بێکەس

قەت بە پاییز نەڵێن لە کوێم
ئەگەر بە جێگەم بزانێ
گەردەلوولم ئەکاتە سەر
دێت و هەرچی خەمی جوانمە
دێت و هەرچی ئازاری چاوڕەشمە
ئەیفڕێنێ
لە دواییشدا منی عاشق
چۆن بەبێ ژان ببارێم و
تەڕتان بکەم تا سەر ئێسقان

قەت بە زەریایش نەڵێن لە کوێم
ئەگەر بە جێگەم بزانێ
ئێرەیی ئەکاتە سەرم و
دێت و بەزۆر، سیحری ڕەنگی
چاوانی ئەو کچەشۆخەم لێ ئەسێنێ
لە دواییشدا منی شاعیر
چۆن بێ سیحری ئەو چاوانە
چۆن بێ قووڵیی ئەو چاوانە
شیعر ببێتە ئاسمانم
شیعر ببێتە ئەو گڕەی
ئەو دۆزەخەی
درێژە بات
بە سووتان و هەڵقرچانم

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry 

٣١٦٠

 

✓ ئەحسەن موفتی

  • بەرەو دیداری حەزرەتی پیر

نزیکە دڵ بتاوێتۆ بەتاوی تیلەیی چاوی
بە تاڵێکی لە موژگانی بە نووری پورتەوی تاوی

بە نەرمەی لەنجەیی خەندەی بە شەهدی لێوی قەنداوی
پەڕەی گوڵناری گۆناکەی، بە جۆش و ڕەحمی لێشاوی

بە ئاوازی دەفەی سینەی، بە چاوگەی ئەشکی خووناوی
بە سۆزی نەرمەیی ڕازی، هەموو کەوتوونەتە داوی

بە سەوزەی عەرعەری باڵای، بە نێچیری موژەی چاوی
بەوەی تەنها بە تیرێکی، ژوانگەی بوو لەبۆ ڕاوی

بە ناڵەی دڵ کە شەیدایە، کە تەنها تۆی لەبۆ ماوی
لە شوێنی شای ضیا و نەجم و عەلا و مەولای لەجێماوی

ئەگەر بێت و لە زەلکاوی خەیاڵاتا بە جێماوی
وەکوو کوشتەی "سیامەندی" لەناو داوی "خەجێ" ماوی

لە ئەنفاسی گڕەی گەرمی بەهاری لێزەمەی تاوی
ئەتۆ بەرکەوتەیی نووری چراخانی لەناکاوی

شەها قوربانی لوتفت بم ئەتۆ بۆ ئێمە ڕەخساوی
بپرسە تۆ لە حاڵی من، لە ناسۆر و لە تاڵاوی

لە ڕۆژی دەی موحەڕڕەمدا لە عاشورایی خوێناوی
ئەوا ڕووی کردە ئەستانەت بە ڕەنگی هەڵبزوڕکاوی

بە کۆڵێ ئێش و ئازار و بە نەفسی پیسی دەرداویی
وەکوو سواڵکەر لە قاپیتا ئەپاڕێتۆ بەداماویی

دەسم دامێنی میهری تۆ، لە تام و چێژ و خۆشاوی
خودا بۆ خاتری تۆیە کە تینوومە لەبەر ماوی

بنۆشم تا تەن و ڕۆحم نەجاتی بێ لە ژەهراویی
نەقشبەندیم نەوەک گیانم بمێنێتۆ بەشێواوی

ئەوا «ئەحسەن» لەتاوی تۆ لەبیریشی چووە ناوی
دەبا بەختی لە کارا بێ نەمێنێتۆ بە بەسراوی

خوا ڕەحمت هەتا سەر بێ، بفەرموو تۆ بەخشراوی
بە خاسان و سیڕاجەددین، بە یارانی لەڕێماوی

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry 

٣١٥٩

 

✓ حەمدی

لە گوڵشەن لالەیێکی دی دڵم داغی دڵی پشکووت
وتی ئەم لالە شیرینە بە فەرهادم ئەکا زوو جووت

لەسەر هێلکەی قەمەر سیمورغی گەردوون کڕ کەوێ بەڵکە
هەڵێنێ بێچووەڕۆژێکی مونەووەرتر لە ڕۆژی ڕووت

لە ئۆردووی سەلم و تووری وەک خەتوخاڵت چ پەروامە
کە ئەبرۆت پشتیوانم بێ کە دەسپێچم ببێ وەک مووت

کە هەر ڕەحمی بزووت بمخاتە باوەش دایەیی خاکم
لەگەڵ تەختی سولەیمانی ئیتر فەرقی چییە تابووت

هەتا کەی ئەم چڵوچۆیە و گلاراوەت دەبێ ئەی دڵ
خودا هەر خۆی دەزانێ چەندە بێزارم لە خۆت و خووت

بە دنیاخواز ئەگەر ڕازی نەبووبی بۆ چی ڕووت دایە
ئەگەر ڕازی بووبی دنیا لەگەڵ شووت بەسیە شاتوشووت

بە شەڕ هاتوون لەسەر ماچی دەمی تیغت هەموو عوزووم
لە قاپی «حەمدی» وەستاوە لەسەر ئەو وەعدەیەی فەرمووت

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry 

٣١٥٨

 

✓ شێرکۆ بێکەس

تاران پەچەی بە درەخت گرتەوە
عەبای دا بەسەر ئاوا و
جبەی کردە بەر جادە
عەمامەی کردە سەری باخچە
بەزۆر
ڕیشی بە گۆرانی هێشتەوە
کراسی عاشوورای کردە بەر شیعر و
مۆسیقای بێوەژن کرد و
ژیانی کرد بە پرسە

تاران بەدەم کەسەوە پێ ناکەنێ
بەدەم مەرگەوە نەبێ
ئەو خۆشی لە هیچ نابینێ
لە مەرگ نەبێ
ژنی ئەو، کوڕی ئەو، کچی ئەو
هەموویان ناویان هەر مەرگە و
ئەوەی لەوێ لەدایک نابێ ژیانە

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry 

٣١٥٧

 

✓ ئاسۆ خەبات

هەستە کیژی پەنجەسووری قژڕەشی لێوئاتەشین
هەستە بە سواری شەپۆلان تۆزێ شادی دابەشین

ئەم وڵاتە بێ بزەی تۆ مات و تاریک و ڕەشە
تام و بۆنی ئەم ژیانەی هەستە بۆنت دابەشە

هەستە وەک شاکیژی قەندیل پێ بنێ سەر چاوی من
هەستە دادە، هەستە دایە، هەستە تین و تاوی من

چۆن نەبم قوربانی بسکی شەختەگرتووی نێو ڕنوو
ئەو کچەی کۆشکی لە شاخە و تیشکی بۆتە ئارەزوو

ئەو کچەی تا دوێنێ دیل بوو ئێستە هیوای میللەتە
موژدە بێ "هێمن" کچی کورد دژ بە زنجیر و پەتە

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry 

٣١٥٦

 

✓ قانع

بەغەیرەز تۆ مەیل و مەرامی دڵ بە دولبەر دەم
ڕەبی دڵ تووشی زەخمێ بێ، کە هەر بەر نووکی نەشتەر دەم

هەتا دەستی ئەجەل کۆمەک بە کارم بێ لە دەفعی خەم
ئەگەر سەر بەرمە بەر قەیسەر، سەرم بەر شیپی خەنجەر دەم

هەتا گوڵگوڵ ببێ کفنم، بە زووخی جەرگ و خوێنی دڵ
لە زەمزەم جێم بوێ گیانا، چلۆن مەیلم لە کەوسەر دەم

نەسیمی سوبح ئەگەر دوودی هەناسەی فیرقەتت بێنێ
دەماخم وشکە وەک واعیز، ئەگەر لووتم لە شەسپەڕ دەم

گەلێ مەمنوونی بەختم بووم بە لاری هاتە دنیاوە
تەناسب جەلب ئەکا ئەبرۆ، چلۆن قەت سەر لە مینبەر دەم

سەرم دانا بە بەردی ئاستانەت بیکوتم وردورد
خوا هەڵناگرێ دیزەی گەڕا و بەر دەنکی گەوهەر دەم

وەها مەستی خەمم «قانع» لەسەرخۆچوونە ئەوزاعم
مەگەر ڕۆژی قیامەت دەفعەیێ یادێ بە مەحشەر دەم

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry 

٣١٥٥

 

✓ موستەفا هوشیار

من گزنگی بەربەیانم، دڵ بە ئاسۆ خۆش دەکەم
گەرچی ئێوارم بەسەر دێ، هەر دەکەم باشاری شەو

با لە چوار لا دەوری بگرن ئاسکی ئاواتم، بەڵام
گورگەلۆقەی خۆی دەتوانێ، چش له گورگی هاری شەو

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry 

٣١٥٤

 

✓ مەحوی

بەهەشتی داخڵی "یەسریب" دەبێ، "طوبىٰ" لەبۆ ئەنسار
بە کوففارانی مەککە تا ئەبەد "یا وَیلنا"ـمانە

ئەگەر ئەم هیجرەتە نەبوایە، دین ئەم شەوکەتەی کەی بوو
کە هەر کەس تێ بگا بەم دینە نەسخی جوملە ئەدیانە

بە هیجرەت، غیرەتی دینی موهاجیر، خدمەتی ئەنسار
لە قووە هاتە فیعل و بوو لە عالەمدا بە دەستانە

لە فەیزی هیجرەتە ئەسحابی "بەدر" ئەمشەو هیلالی بوون
سبەی هەر یەک بووە بەدرێکی کامیل ئەو هیلالانە

چ هیجرەت؟ شەهدی وەسڵ، ئارامی جانە بۆ هەواخواهان
چ هیجرەت؟ بۆ عەدوو تەعزیبی ڕۆح و زەهری هیجرانە

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry 

٣١٥٣

 

✓ ...

من هێمنم و ئەڵێم

کەی ڕەوایە بمدەنە بەر گوللە یا ڕاوم بنێن
گەر گوتم کوردم لە کوردستانی خۆم ژینم دەوێ

کورد مەگەر کوندە کە هەر وێران ئەبێ هێلانەکەی
نیشتمانی ئاوەدانی جوانی ڕەنگینم دەوێ

زۆر بەئاواتم کە کوردستانەکەم بێ کێشە بێ
ئاشتیخوازم کوا وڵاتی پڕ ڕق و قینم دەوێ

من قانێعم و ئەڵێم

گرتن و لێدان و کوشتن عامیلی ئازادییە
تۆپ و شەستیر و کەلەپچە لام وەکوو ئەفسانەیە

من هەژارم و ئەڵێم

هەتا کوردستانی ڕەنگین لە دوژمن پاک نەکەینەوە
بیر لە خۆمان ناکەینەوە ئاوڕ بۆ دوا نادەینەوە

من هێمنم و ئەڵێم

من لە زەنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نییە
لەتلەتم کەن بمکوژن هێشتا دەڵێم کورد ئەمن

من قانێعم و ئەڵێم

گەر بە ئازادی نەژیم مردن خەڵاتە بۆ لەشم
نۆکەری و سەردانەواندن کاری نامەردانەیە

من هەژارم و ئەڵێم

ئاخ چەندە خۆشە لەسەر ئازادی
تووشی خەم ببی، لەدەس دەی شادی

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry 

٣١٥٢

 

✓ مەحوی

  • مەحوی کاتێ گوزەرانی خراپی خەڵک و زوڵم و ستەم و بێحورمەتیی زاڵم بە خەلک دەبینێت ئەم دێڕەشیعرە دەنووسێت:

بەو هەموو تاڵییەوە شەربەتی مەرگ، ئەهلی حەیا
خۆش گەواراترە بۆی ئێستە لە شەکراوی حەیات

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry