✓ خاڵە قازی
لەبیرمە لە مەکتەبا دەیانپرسی دوو دانە دوو دەکاتە چەند
هەموو تێکڕا دەیاننووسی دەکاتە چوار
کەچی ئەمن لە حیسابا نمرەی کەمم ئەهێنا و ئەهاتمە خوار
ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی
لای من وا بوو
دوو دانه دوو دەبێتە یەک نابێته چوار
لای من وا بوو
ددان و دوو لیو و زوبان نابن بە چوار دەبن بە زار
بە تێکڕایی دەکەن هاوار
لای من وا بوو
دوو دەست و دوو لاقی مرۆڤ نابن بە چوار
لە لەشێکدا وا دێنە کار
لای من وابوو
گەڕەک
خانوو
کۆڵان
شەقام
نابن بە چوار
دەبن بە شار
تێیدا دەژین دەوڵەمەند و خەڵکی هەژار
لای من وا بوو
کۆلکە و ڕیشە
لق و گەڵا
نابن بە چوار
دەبن بە دار
هێندێک کورت و هێندێک درێژ وەکوو چنار
لای من وا بوو ئەوین و دڵ
جوانی و پاکی نابن بە چوار
دەبن بە یار لەلای دڵدار
ئەو هەمووە هیوا دوو بە دوو دەبن بە یەک نابن بە چوار
ئێجگار زۆرن بەڵام لە کوێ دێنە ژمار
تەنیا ئەوەندە ئەزانم
ئەگەر لەشم سەد پارچە کەن
بمدەنە ژێر گوللە و ڕەگبار
بچمە سەر دار
یەک وشەم دێتە سەر زار
کوردستان هەر وڵاتێکە و نابێ بە چوار
© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry