✓ ئاران

سەرم داوە گوڵم ئەمشەو لە دار و بەردی بێتۆیی
بە تەختەی دڵمەوە چەن خۆش دەنووسێ گەردی بێتۆیی

بەسەرشێتی، پەشۆکاوی، هەڵاتووم تا هەواری تۆ
نییە هەرگیز وڵات خۆشتر لە چۆڵ و هەردی بێتۆیی

هەموو ئاسمانی شەو گریام بەدڵتەنگی بەبێدەنگی
نەپشکووت هیچ گوڵێ وێنەی گەزیزەی زەردی بێتۆیی

بەتەنیا دەمبەدەم پێوام تەمی کوێستانی ناخی خۆم
لەجێی خۆی چرکەیەک نەبزووت زەمانی سەردی بێتۆیی

بەبێ بەزمی حوزووری تۆ حەرامم کردووە بادە
نەوەک بشکێ بە نەشئەی مەی خوماری دەردی بێتۆیی*

چ گەڕیانێکی خەمبارانە بوو عومرم لەگەڵ ڕۆینت
چەپی مەرگی دەکێشا هەردەمەی پێمەردی بێتۆیی

دڵم هەرچەندە گیراوە بەوێنەی شەشدەری بەختم
کەچی هەر مۆرە هەڵداوێم لە تەختەی نەردی بێتۆیی

خەیاڵ و خەم تەوێڵی ڕووحی تەنیایان تەواو کێڵام
چییە چارەم کە وا کەوتوومەتە شێوەردی بێتۆیی

کەسێکی لەم دەرە نان و نمەکتی چەشتبێ ناڕوا
منم ئێستاش بەقوربان هەر نمەکپەروەردی بێتۆیی

بە باری ڕاستییا نەیخست سەرەی چەرخ و خولی جارێک
دەنا «ئاران» ـی وا وێران نەکرد چەپگەردی بێتۆیی

  • * شێعری خودی مەحوییە
  • پێمەرد: پێمێرد، فریشتەی مەرگ

Kurdish_Poetry