٤٧٠٩
✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)
سوورەچنارێک ئەیپرسی:
ئەم شۆڕەبییە لەبەر چی
سەری خستۆتە ناو کۆشی
ئەو چەمەوە و هەڵی نابڕێ؟!
کەوێک وتی:
هێشتا قیت بوو
هەموو جارێ بازۆڕییەک¹
ئەهات و ئەچووە سەر سەری
بە چرپە هەواڵی دنیای ئەو بەر چەمی
پێ ئەگەیان
ئێوارەیەک، بازۆڕییەکە
مژدەی پێ بوو، کە نیشتەوە
واشەیەک خۆی پێدا کێشا
کەوتە خوارێ
شۆڕەبی بۆی نووشتایەوە
دەری بێنێ
دەستی نەگەیشتێ، نوقم بوو
ئیتر لەو ساوە ئەم سەری
وا لەناو کۆشی چەمدایە و
بۆی ئەگەڕێ
¹ بازۆڕی: جۆرە باڵندەیەکی ڕەنگاوڕەنگە لە شێوەی چۆلەکەدا.
Kurdish_Poetry
+ بڵاو کرایەوە لە 2026/2/25 ـدا کاتژمێر 3:27 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس