٤٧٠٧
✓ نالی (1800 - 1877)
زوڵفت کە لەسەر ڕوو بە خەم و تابشە ئەمڕۆ
دوودی سیەهی عوودە لەسەر عاریزی پشکۆ
دەستم کە بە سەد وەعدە لە سەد جێگە شکاوە
جەبری نییە ئەم کەسرە هەتا نەیخەیە ئەستۆ
خاڵت چییە دانەی گەنمی جەننەتی ڕووتە
چاوت چییە فیتنەی حەرەمی قیبلەیی ئەبرۆ
شەو بۆیی سەری سونبولی زوڵفت لە سەری دام
ئێستەش سەرەکەم مەستە لەبەر نەشئەیی شەوبۆ
نەمبیستووە هەرگیز لە دەمت بێنی وەفایێ
هەر چەندە سەراپا گوڵی، ئەمما گوڵی هێرۆ
قوربان وەرە تا ئەم غەزەلە تازە لەبەر کەین
عیزز و شەرەفی «نالی» بە تەشریفی قەدی تۆ
Kurdish_Poetry
+ بڵاو کرایەوە لە 2026/2/25 ـدا کاتژمێر 1:29 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس