✓ ویساڵی (1902 - 1973)

موددەتێکی زۆرە عەزمی دیدەنی یارم هەیە
بۆ ئیشارەی مەقدەمی گوڵ، چاوی خوونبارم هەیە

سینەکەم سووتا بە تابی عەشقی ڕوویی نازەنین
هەر وەکوو مەجمەر هەمیشە قەلبی پڕنارم هەیە

هەمقەرینی ڕۆژ و شەومە حوببی بەلقیسی حەبیب
وەک سولێمانی جێیانی لەعلی دڵدارم هەیە

هەر وەکوو بولبول غەزەلخوانم بەسەر شاخی گڵۆ
بەزمی عوشرەت ساز ئەکەم چون عەیشی گوڵزارم هەیە

من لەگەڵ دەمسازی غەمدا تەپڵی شاهی لێ ئەدەم
خەسرەوی شیریننیگارم، قەسری زرکارم هەیە

وا تەڵاقم دا عەجووزەی هیجر و شاهید بن ڕەفیق
بیکر و وەسڵم بۆ پەیا بوو، ئارەزووی نارم هەیە

هەوری زوڵفی وا لەسەر ماهی ڕوخی زائیل بووە
تاری هیجرانم بەسەر چوو، شەمسی دیدارم هەیە

وا لە مەیخانی فەرەحدا شاهید و مەی حازرن
خاترێکی جەمع و خۆش و یاری نازدام هەیە

هەر سەحەرگە نەغمەخانم میسلی قومری خۆشنەوا
سەد شوکر ئێستە لە باغا وەردی بێخارم هەیە

ڕۆژ و شەو مەستم بە جامی خەمری بۆسی لێوی یار
هەر وەکوو قەیسەر هەمیشە یاری خوممارم هەیە

کەوکەبی سەعدم لە مەتلەع حمدلله تالیعە
بەم هەموو جاهـ و جەلالە بەختی بێدارم هەیە

نەونیهالی باغی ئۆمید ئەی «ویساڵی» هاتە بەر
لائیقە ئێستە بنازم سەرو و جۆبارم هەیە

Kurdish_Poetry