✓ ئەوڕەحمان بەگی بابان (1880 - 1967)

لە سوورەی فەتحدا بەم ئایەتە دڵ شاد و مەسروورە
سَتُدْعَوْنَ إِلَىٰ قَوْمٍ ئیشارەی کوردی غەییورە

أُولِي بَأْسٍ شَدِيدٍ وەسفی قەومێ بێ لە قورئانا
بە ئازادی ئەژی دائیم لە دیلی و ئیستیلا دوورە

لە گێژ و مەوجی دەریای عالەما غەرقن گەلێ ئەقوام
بەقای ئەم میللەتە کوردە بە نەسسی ئایە مَسْطُورە

نەوەی مادی مەزن لاوی دلێری خاکی کوردستان
بە ئەمری ئێزەدی بۆ حیفزی ئەم میراتە مەئموورە

نەبۆتە دیلی هیچ دنیاگرێ ئەم میللەتی کوردە
چ ئەسکەندەر، چ جەنگیز و هۆلاکۆ بێ، چ تەیموورە

تلووعی ڕۆژی ئازادی لە شوێنە ئەم شەوی تارە
نزیکە ڕۆژ هەڵێ ئاسۆی وەتەن ڕووناک و پڕنوورە

قەراری داوە لاوچاکی وەتەن ڕۆژێ کە فرسەت بوو
پەتی کا هەر وەکوو سەگ، دوژمنی هەر چەند ملئەستوورە

ئەوانەی خوێنی میللەت ئەمژن و جاسووس و بێگانەن
قەڵاچۆیان لەلای لاوچاکی کورد، قانوون و دەستوورە

دمێکە شێت و شەیدای ڕێگەیی ئازادییە «بابە»
هەتا ماوە بە سەرفی ماڵ و سەر لەم ڕێیە مەجبورە

Kurdish_Poetry