✓ مەحوی (1836 - 1906)

دڵم دەرهات و تۆ هەر دەرنەهاتی
نەهاتی، هەر نەهاتی، هەر نەهاتی

کە ئەم خەندە و قسە و لێوەت هەیە تۆ
لەباتی شەککەر و نوقڵ و نەباتی

دەدەی وادەم بە قەتڵ ئەمڕۆ، سبەی هیچ
ئەتۆ شاهی، چییە وا بێسەباتی

لە دنیا جەننەتی خۆ دیوە هەر کەس
کە تۆ بی حازری وەختی وەفاتی

ئەگەر ڕۆژە، بتی من، هەر بتێ بێ
سەرەوژێرە کە تۆ وەک ڕۆژ هەڵاتی

کە خزر ئەو خاکوخۆڵی بەر دەرەی دی
وتی: تۆ خاکی یا ئاوی حەیاتی

ڕوخیشی کردە ئەو لا، دەیشیپرسی
بە شۆخی، شاهی من، تۆ بۆ چی ماتی

کە داغی سینەمی دی، دەردی دامێ
وتی: مۆرت هەیە، ساحێببەراتی

کە شیرین و تەڕی دی شیعرەکانم
وتی: «مەحوی» کە میراوی فوڕاتی

Kurdish_Poetry