٤٦٩١
✓ زاری (1905 - 1982)
ئادەی وەرە قوربانی قەدی نەیشەکەرت بم
قوربانە سبەی لازمە قوربانی سەرت بم
دڵ حازرە بێ بیدە لە سێدارەیی زولفت
با هەر وەکوو خەرمانە لە دەوری قەمەرت بم
دەرمانی برینی دڵەکەی پڕ لە غەمم کە
ئەی من بە نیشانەی موژەکەی عیشوەگەرت بم
سووتاوم و ڕێگەم نییە بۆ دیتنی باڵات
پێ هەڵگرە بێ تا بەفیدای ڕێگوزەرت بم
ئاخرنەفەسە لازمە ئەی دیدە کە ئەمڕۆ
بۆ ڕەسمی وەفا هاتنە جێ خاکی دەرت بم
سەر هەڵبڕە بڕوانە کە سەربەرزییە بۆ من
بۆ ڕۆژی قیامەت کە شەهیدی نەزەرت بم
ڕۆژێ نییە زەخمێ کە نەکا خەنجەری نازت
نەمدی کەڕەتێ دەست لە ملێ یا کەمەرت بم
تۆ بیت و خودا بەسیەتی ئەم جەورە هەتا کەی
بەم جۆرە ئەمن هەڵگری زامی خەتەرت بم
ئەی باغی جەوانی منی دڵ لەتلەتی شێواو
عیللەت چییە بێبەهرە لە سایە و سەمەرت بم
سەد مەرتەبە ڕابوردی و نەتپرسی لە حاڵم
با دەفعەیێ خاشاکی شەقامی سەفەرت بم
خۆشبەختییە بۆ «زاری» کە دایم بە دڵ و گیان
غەمبار و حەزین، خەستە و خوێنینجگەرت بم
Kurdish_Poetry
ڤەژینبوکس