✓ زێوەر (1875 - 1948)

ئەی دڵبەری شیرینسوخەنی غونچەدەهانم
لەو وەسفی دەمی بەستەیەتە بەستەزوبانم

بێزارم و بێ زاری شەوم نەبوە کە بڕوا
بێ تەلعەتی ئەو شەمسەیە تاریکە ژیانم

بۆ سەیری ڕوخی ئاتەشییەت بوومە مەجووسی
لەم عەسرە منیش واریسی زەردەشتی زەمانم

چاوت کە گەلاوێژە سووهاڕەنگە گەلاوێژ
هەر دەربکەوێ لەرزە ئەخاتە دڵ و گیانم

تەسویری گوڵ و باخچە ئەکەن غەیری گوڵی ڕووت
حەیرانی غەڵەتکردنی ڕەسسامی جیهانم

ئەو ڕوویی فەرەحئاوەرە وەک فەجری بەهارە
من لەو ڕووەوە هەر چی بڵێم ڕووتە بەیانم

دوورن لە هونەر هەر چی هەیە ساحێبی دینار
مەمنوونی پەلی پینەچیی و شانی سەپانم

Kurdish_Poetry