٤٦٤٦
✓ سالم (1800 - 1866)
فەسڵی هیجرت ڕۆح دەکێشی، وەختی قوربت دڵبەری
حەسرەتا بۆ خۆم و بەختم، هەر دوو سەر غارەتگەری
حەلقەیی زوڵفی خەمت میسلی کەمەندی ڕۆستەمە
کەچنموودارە برۆت، وەک ذولفیقاری حەیدەری
جوملە ئەجرامی فەلەک مەحون لە نوکتەی خاڵی ڕووت
مەهـ لە سەیری عاریزت، وەک من بەدایم موشتەری
عەکسی ڕووت نەبوایە گەر، بۆچ ئابڕووی بەلقیس دەبوو
کەی بە جەمیان دا لە شێوەی لێوی تۆ ئەنگوشتەری
مەی لەسەر مەی بۆ دەدەی ساقی مەسینە، کافییە
مەست و بێهۆشم لەبەر ئیمایی دیدەعەبهەری
وای بر حالم لەبەر خوونڕێزیی موژگانی یار
یەک بە یەک دڵدۆزە وەک پەیکانی تووسی نەوزەری
شیعری من وەک شاهیدێکە، حوسنی مادەرزادی بێ
عاریزی، یەکسەر لە مەکری ماشیتە و زێوەر بەری
دەستزەنی ئەشعاری خاقانی و غەیرم قەد نییە
قالە نیم، بدزم لە هەر سەترێ کەلامی ئەنوەری
شیعری کەس نانێمە ناو سەفحەی بەیازم تا ببم
میسلی خەڵقی نیمە ئەسڵەن حیلە و ئەفسوونگەری
دڵبەری «سالم» ئەگەر بێت و بچێتە مەیکەدە
سەربەسەر بەیعەت دەکەن پێی، بتپەرستی ئازەری