✓ قانع (1898 - 1965)

ئەی دڵی خەمبار بەسیە تا بەکەی گریان و زار
تازە بێسوودە خەیاڵی مەسکەن و یار و دیار

بێسەلیقە هەوری نەگبەت وا لە بەختم جەم بووە
تاوەتەرزەی مەینەتی پەیپەی لەسەر ئەڕژێتە خوار

ئەی دڵ ئاخر خۆشی چیتە چوونکە وا عارت نییە
با برینت هەڵکەنم تا بێتە سۆ وەک زەخمی مار

کوا ڕەفێقی هەمدەم و هەم هەمجەلیسی هۆدەکەت
قوڕبەسەر خۆی کوا جەماڵی دڵبەری زیبانگار

کوا خڕەی خڕخاڵ و زێڕ و گۆشەوارەی نوقرەیین
کوا بریقەی لاجەناح و کوانێ کێشی لفکەدار

کێ هەیە شەو بێتە پاڵت بۆنی عەتری بتگرێ
کێ بە باڵا وەک چناری تازەخەڵفی نەوبەهار

کێ بە غەمزەی چاوی مەستی مەرحەباییت لێ ئەکا
کێ بە ڕەمزی تاقی ئەبرۆ جەلب ئەکا سەبر و قەرار

«قانعا» خۆت و دڵت هەر قوڕ بپێون دەمبەدەم
تۆ لە داخی ئەم زەمانە ئەو لەبۆ دیداری یار

  • قانع لە مردنی ژنەکەیدا ئەم غەزەلەی نووسیوە

Kurdish_Poetry