✓ زاری (1905 - 1982)

لە تاریکی شەوی هیجرام و موحتاجی شەمی ڕووتم
لە گەنجی ئارەزوو دوور و لەگەڵ ماری غەمت جووتم

هەموو کەس با بزانێ چاکە من وا گیری داوی تۆم
غوڵامی خاڵی مشکین و قەدی باریکی وەک مووتم

لە سایەی ئاوری شەوقی جەماڵی دڵبەری تۆوە
هەماری نەوتم و گۆگرد، بەڵکوو کانی بارووتم

ئەگەرچی ئاوری عیشقت بڵێسەی دەمبەدەم بەرزە
منم ئەمڕۆ سەمەندەر ئاورم هێلانە ناسووتم

لە ڕۆژێکۆ موژەت تەدبیری قەتڵی عاشقانی کرد
منی بێدڵ خەریکی کفنم و تەرتیبی تابووتم

لە من نابێ بپرسی وەسفی شێواوی دەروونم چون
زەنەخدانی ئەتۆیە مەحبەسی دڵ چاهی هاڕووتم

خودا ڕەحمێ بکا بەم بێوجوودە تا موزەییەن بێ
ئەوی ڕێگە و گوزەرگاتە بە قەترەی ئەشکی یاقووتم

ئەگەر داوود تەوفیقی خودا بێت و نەکا یاری
ئەمن کەی پاڵەوانی مەعرەکەی مەیدانی جالووتم

گەدایێ بێپەنا و بێکەس و گەردنکەچە «زاری»
بە ڕەحمەت دەستی بگرە ئەی غوڵامی دەست و بازووتم

Kurdish_Poetry