✓ قانع (1898 - 1965)

کە من خەمخۆری یارانم یەقین قەت خەم بەبا نادەم
وەکوو تووتی شەکرخۆرم چ مەیلی خۆم بە کا نادەم

وەکوو جێپێ بەبێ بان و دەر و دیوارە کاشانەم
کەلاوەکۆنی وێرانەم بە قەسری پادشا نادەم

کە من ئوستادی سەرمەشقی وەفادارانی عالەم بم
دڵی خاوێن و بێکینەم بە زوهدی پارسا نادەم

منی بولبول بناڵێنم لە کوردستاندا بۆ گوڵ
شەهادەی مەکتەبی عیشقم بە ئیمزای ئەورووپا نادەم

لە گۆشەی زاویەی خەمدا بگریەم بۆ بەجێماویم
دوڕی فرمێسکی گریانم بە لوولووی شەوچرا نادەم

دڵی خونچەی نەپشکووتم لە سینەی تەنگ با تەنگ بێ
هەناسەی عەتری ئەفکارم بە سروەی بای سەبا نادەم

ئەلا ئەی عاشقی فلس و فیداکاری مەڕ و مێگەل
بزانە قەدری مەعنای خۆم بە پارەی ناڕەوا نادەم

ئەوا پاراوی جەرگم کرد بە یەکجاری لە خوێنی دڵ
شەرابی خوێنی خۆم «قانع» بە بیرەی بێبەها نادەم

Kurdish_Poetry