٤٦١٥
✓ عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859 - 1916)
خاڵی سیەهی تۆ لەسەر ئەو عاریزی مینوو
داغێکە لە حەسرەت بە جگەر لالەیی خودڕوو
ئەبرۆ و ڕوخ و دیدە و خاڵی خەمی گێسووت
قەوسە و قەمەرە و زوهرە و پەروین و تەرازوو
شێری دەشکێنن نیگەهی چاوی غەزالت
نیروویی غەزەنفەر کە بەسەر پەنجەیی ئاهوو
مەنزوور لە عومری ئەمە ئەمڕۆیە کە تۆم دی
عومرێکی بەبێ تەلعەتی تۆ چوو بەهەدەر چوو
هێندەم نییە فرسەت شەوەکی وەسڵی جەماڵت
بتوانم ئەدا کەم غەمی هیجرانت ئەوی بوو
ڕێی توڕڕەیی خوێنخواری مەدە هێندە بە ڕوخسار
ئەو جەننەتە حەیفێ کە دەیسپێری بە هیندوو
ڕەنجووریی هیجرانی «ئەدەب» بێ لەبی شەهدت
باوەڕ مەکە گەر بێت و شیفای بێ بە ئەرەستوو
+ بڵاو کرایەوە لە 2024/1/3 ـدا کاتژمێر 21:52 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|