✓ خادیم (1895 - 1953)

هەراسانن هەموو عالەم لە ناڵەم یەک بە یەک ئیمشەو
لە گریەی ڕەعدئاسا کەڕ ئەبێ گوێچکەی فەلەک ئیمشەو

فوغان و دووکەڵی ئاهم بەتوندی بۆ هەوا ڕۆیی
لە حەوتەم ئاسمان ئەگرین بە حاڵی من مەلەک ئیمشەو

جگەر برژا لە سینەمدا کەبابئاسا بە ناری عەشق
لە شۆری ئەشکی خوێنبارم موهەییا بوو نمەک ئیمشەو

سەبەب بۆ جۆششی ئاوی سوروشکم ئاگری جەرگم
ئەپاڵێوێ لە هەر دوو چاوەکانم مەردوومەک ئیمشەو

لە بۆتەی سیدق و ئیخلاسا لە عەشقا تەجروبەی دڵ کە
عەیاری زەڕی خالیس دەردەچێ بیکەی مەحەک ئیمشەو

لە حاڵی زاری بێحاڵم گەواهی حاڵمن عالەم
بە گریانن لە گریانم لەناو دەریا سەمەک ئیمشەو

ئەگەر چی عەشقی لەیلا زۆر بەتەئسیرە لەبۆ مەجنوون
لەگەڵ تەئسیری سۆزی «خادیم» ـت نابن بە یەک ئیمشەو

Kurdish_Poetry