٤٦٠٦
✓ فایەق بێکەس (1905 - 1948)
فیکری سەرکەوتن بەبێ شک ئەی ڕەفیقان غیرەتە
فەوز و ئیقباڵ و تەعالی هەر بە سایەی هیممەتە
قەومی کورد ئەمڕۆکە دائیم وا لە حاڵی حەسرەتە
باعیسی فیتنە و فەساد و دوودڵی ناو میللەتە
قەومی کورد شێرانی میللەت فیکری وەحشەت لا بدەن
وەختی تێکۆشینە ئەمڕۆ ڕۆژی عیلم و سەنعەتە
میللەتی بێعیلم و سەنعەت باوەڕت بێ دائیما
وا لەژێر پێی ئەجنەبی داناوی هەر بێقیمەتە
سەیری کە و تێ فیکرە نەختێ چی بەسەر هات قەومی کورد
سووک و بێناو و نیشانە و ژینی دەرد و زیللەتە
گەر بە دڵ بێت و هەوڵ دەین بۆ تەرەققی قەومی کورد
نائیلی جێگە و حوقووقی خۆی ئەبێ ئەم میللەتە
هەوڵ و تێکۆشین بەتەنها هەر بە دەم کەڵکی نییە
گرمەگرمی هەوری بێباران نیشانەی زەیقەتە
+ بڵاو کرایەوە لە 2023/11/5 ـدا کاتژمێر 20:41 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|