✓ میرزا غەفوور (1870 - 1938)

ئەوا دڵ بوو بە بریانی، خودا ڕەحمێ بە حاڵم کەی
بە لوتف و مەرحەمەت، ساتێ ڕەفیقی چاوی کاڵم کەی

بەبێ دۆست و ڕەفیق ماوم، لە پژدەردا بە مەحزوونی
بە ئومێدم کە عەبدی تۆم بە ڕەحمت حوسنی حاڵم کەی

ئەگەر لەم جەژنەدا بمبەخشی و بمکەی بە قوربانی
عەلاماتی شەهیدیمە بە عەفووەت خوونحەڵاڵم کەی

لە سووئی تاڵیعی خۆمدا ئومیدێکم نییە لاکین
بە لوتفی تۆیە مەغروورم، ئەنیسی خەتت و خاڵم کەی

جەلالم بۆ چییە، دنیا هەمووی دامە و خەراباتە
تەمەننایە بە ڕەحمت بادەنۆشی لێوی ئاڵم کەی

ئەگەرچی عاشقی مسکین، لە عالەم شێت و ڕیسوایە
بە ڕیسوایی دەکەم ئەرجوو بە گەردی بای شەماڵم کەی

لە تۆ مەعلوومە مەقسوود و نیاز و ئارەزووی بەندە
ئەگەر فکرێکی سەهووم بێ لە دنیا لەنگ و لاڵم کەی

بە مەرگی خۆم ڕەزامەندم ئەگەر لوتفت مەدەد کا بۆم
بە ڕەحمت کوشتەیی تیری موژەی ئەو چاوغەزاڵم کەی

لەبەر جورم و خەتای زۆرم زوبانی ناتقیم لەنگە
ئیلاهی تۆ بە ڕەحمی خۆت دەبی ڕەحمێ بە حاڵم کەی

Kurdish_Poetry