✓ حەریق (1856 - 1909)

عالەمێکە پڕ شەڕ و شۆڕ و نیزاع و ئیرتیهاش
ڕۆژگارێکە سەراسەر میحنەت و پڕئیغتیشاش

کەس نییە بۆ ئیستراحەت سەر بنێتە سەر سەرین
کەس نییە ئاسوودە بێ پاڵووی لە خاری ئیفتیراش

تالیبی ئیمساک و خیسسەت ڕووبەڕوو هاتۆتە پێش
ساحیبی عیرفان و دانیش سەربەزانوو چۆتە پاش

بۆ سلووکی ڕێی مەعاریف پاڵەوانیش ناتەوان
بۆ تەریقی جەزبی جیفە وەک یەکە ورد و هەراش

نان و ئاوی ئەهلی دڵ هەر غوسسەیە و خوێنی جگەر
دەستی بەرداوە لە عورزە تالبی نانی بەلاش

هەر کەسێ دانگێ شعووری بێ شەعیرێکی هەیە
ئەبلە بێدەنگ بۆتە ساحیب موڵکی شەشدانگ و مەعاش

گەر بە تێڵا و زۆر نەبێ ڕۆزی وەدەس کەس ناکەوێ
شاهیدە بۆ موددەعای ڕاست حوکمی قازی و کیری جاش

دین بە زاییع چوو مەگەر بۆی ڕێک کەوێ پیاو ناگەهان
وەک کەلیموڵڵا خودا کردیە دەلیلی سەنگتراش

نەک وەکوو قازی زەرووری و وەک مەلای ناخوێندەوار
یا خەڵیفە کۆڵەتاش و مورشیدی خۆهەڵتراش

یا وەکوو من بەخت و تالیع یاوەر و یارم نەبوو
جێی موتاڵا و نۆرەدەرسم بوو بە دەورەی نۆبەئاش

وەک ئەرەستوو بم جیهانگیرم سکەندەر بێ نییە
جارێ بابایێ ڕەفیقم بێ وەکوو وێڵداشی باش

Kurdish_Poetry