✓ نالی (1800 - 1877)

گوڵ کە یاغی و دەمدڕاو بوو، کەوتە لاف و ڕەنگ و بۆی
باغەبان گوێی گرت و وا هێنای بە دەستی بەستە بۆی

ڕەنگی زەرد و سووری خەوف و خەجڵەتی، ئاوی حەیای
وا تکا و ئەرجوو دەکەن عەفوی بکا وەک عەبدی خۆی

چونکە بێنی بێوەفایی و ناز و شۆخی لێ دەهات
ناردییە بازاڕی ڕیسوایی کە بیدا شوستوشۆی

دەست بە دەست چوو تا گەیشتە دەستی عەتتاری سەفیهـ
نایە سەر نار و عەزابی ڕۆحی دا و سفت و سۆی

چونکە مەنشووری گوڵەندامی بە ناوی خۆی دەوێ
یار، ئەگەر لەو باغییانە کەس بمێنێ، عارە بۆی

مەهـ بە شەو هەڵدێ، پەنا دەگرێت و دەنوێتن بە ڕۆژ
دا بگاتە سیڕڕی پەچچەی پەرچەم و وەسفی برۆی

گەر بڵێم شەمسی، دەڵێ ئەو خۆشڕووە بێپەردەیە
وەر بڵێم سەروی، دەڵێ ئەو ئەحمەقە کوا گفتوگۆی

دیدە و دڵ هەر دوو وا جۆبار و جۆیای قەددی تۆن
سەروی دڵجۆی عەرعەر و دڵجۆی نەمامی دیدەجۆی

چونکە باوکی ڕۆمی و دایکی حەبەش بوو، ما بە بەین
ڕۆژ و شەو، کافوور و میسکی، ڕووگەنم، خاڵ دەنکەجۆی

من گوتم سەروی قەدت مەوزوونە، ئەو تەبعەم هەیە
ئەو گوتی «نالی» بە میزابی کینایەتمان دەشۆی

Kurdish_Poetry