٤٥٤٥
✓ نالی (1800 - 1877)
ئەڵڵاهـ ئەڵڵاهـ کە چ عەقڵ و چ کەماڵێکی هەیە
لەگەڵ ئەو عەقڵ و کەماڵە چ جەماڵێکی هەیە
دڵڕفێنێکە لەبۆ مەدحی، سەراپایی ئەوێ
واجبە مەدحی بکا هەر چی کە ماڵێکی هەیە
ئەهلی ئەم شارە هەموو نۆکەر و ئەتباعی ئەون
یووسفی میسرە، عەجەب جاهـ و جەلالێکی هەیە
گەر خەیاڵی دەهەنی بێنمە نێو ئەم غەزەلە
دێن دەڵێن ئەم غەزەلە وردەخەیاڵێکی هەیە
خەتی سەبزی لە کەناری لەبی، «نالی» هەر وەک
خزری زیندە لەسەر چاهە، زولالێکی هەیە
+ بڵاو کرایەوە لە 2023/1/28 ـدا کاتژمێر 20:12 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس