٤٥٤٠
✓ زاری (1905 - 1982)
وەختی کۆچت هاتووە ئەی دڵ ئەبێ هۆشیار بی
گوێقوڵاخی بانگەوازی قافڵە بۆ بار بی
ئەم خەوەت دوایی لەبەر چی پێ نەدا ئێوارە هات
وا لە دەم کەلدایە ڕۆژت کەی ئەبێ بێدار بی
دا ئەبێ بۆ نەچڵەکی بەم گشت ئاڵوگوڕە دیت
عالەمێ سەرگەرمی کارن عارە تۆ بێکار بی
مانەوە بۆ کەس نییە لەم مەنزڵەیدا تۆش ئەڕۆی
گەر سولەیمانی زەمان یا ئەحمەدی موختار بی
کەس وەفایەکی نەدی لەم ڕۆزگارە بێفەڕە
تو خەیاڵت وایە لەم غەددارە بەرخوردار بی
لۆچی ڕوخسارت هەموو کەنداڵ سەیلی پیرییە
لێرە بەو لا نابێ خاوەن ڕەونەقی ڕوخسار بی
گوێ گران، دیدە نابینا و قامەت چەوت و موو
بەفری زستانە ئەبێ لەم ژینە دەسبەردار بی
ئەم هەموو تەغییرە ئەیبینی لە خۆتا کافییە
بۆ جڵەوگیری لە بێعاری ئەبێ هەوسار بی
تا خەو و خۆراک بێ بەم جۆرە عومدەی ئارەزووت
من بە ئینسانت کە نازانم ئەبێ پەروار بی
تۆ کە بەرگەی گازی کێچێ ناگری ئەی کەچنەزەر
بۆ ئەبێ کارێ بکەی سۆزی خوراکی مار بی
ڕۆشنایی مەعریفەت ناداتە فانووست هەتا
ئاشنا ئازار بەیت و هەمدەمی ئەغیار بی
ئەم هەموو تاریکییە ئەی دڵ لە تۆدایە مەگەر
لوتفی حەق یاری بکا تا خاوەنی ئەنوار بی
ئاهـ بۆ تۆ «زارییا» گەر نەچیە ڕیزی ڕاستان
هەر وەها لاریپەرست و پەست و بەدئەتوار بی
Kurdish_Poetry
ڤەژینبوکس