✓ مەحوی (1836 - 1906)

لە ڕۆژێ هەڵدرا ئەم کۆنەخەیمەی تانوپۆشینە
لە سایەیدا شەرابی بەزمی عوشرەت گریەجۆشینە

دەبینی جێیەک ئەمڕۆ بەزمی عەیش و بادەنۆشینە
سبەینێ زوو زەمانە وەزعی گۆڕیوە، لە نۆ شینە

لە کێ پرسم دڵی بۆ پڕ لە خوێنی حەسرەتە یاقووت
عەزاپۆشی چییە و کێیە، جلی پیرۆزە بۆ شینە

بەهارێکی کە داخۆ بێ نەیێ، هەی بێن و شینێ کەین
فەلەک هەر شینە، سەحرا شینە، کێو و لێوی جۆشینە

وتم بۆ ڕووتوپووتن ئەو کەسانەی عاشقی ڕووتن
وتی شان و شکۆهی زیندەدڵ هەر ژەندەپۆشینە

سەفای سافی جوانی ڕۆی و دوردی پیری هات
خومارێ ماوە بەس ئەمشەو لە بادەی بەزمی دۆشینە

کوڕی بێ، تا سەر ئەم دایەی زەمانە مەمکی کەس نادا
کە سەعبە شیری شەفقەت «مەحویا» لەم شێرە دۆشینە

Kurdish_Poetry