✓ عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859 - 1916)

با بڵێن گوڵزارە ڕووی تۆ، خونچەیی گوڵزاری تۆ
کوا وەکوو گوڵزاری تۆ، یا خونچەیی گوڵزاری تۆ

سەرو ئەگەر تەنها لە یەک جێ، دڵکەش و مەوزوونقەدە
ئەی سنەوبەرقەد لە هەر جێ، سەروی خۆشڕەفتاری تۆ

کوا عیبارەت هێندە شیرین کوا تەللەفوز هێندە خۆش
کەوسەرە تێکەڵ مەگەر بەو شەککەری گوفتاری تۆ

پایی بەندی تیشکی ڕوو، وەک سایەیە بێئیختیار
هەر کەسێ تاوێکی هاتە سایەیی دیواری تۆ

دڵ، هەوەڵ زەخمی کە هێنا، من کە دیم، ناسیمەوە
دەست و شەستی کەس نییە ئیللا مەگەر شاکاری تۆ

تۆ گەر ئەمساڵە سەراپا، بۆ مە، جەوری یا ستەم
خۆشە هەر چی بێ، بەیادی لوتفەکانی پاری تۆ

خەڵک ئەگەر هەڵدێ لە مار و ئیحتیرازی لێ دەکەن
بۆچ ئەمن بێماری دوو زوڵفی ئەتۆم، بیماری تۆ

سەد کەڕەت تیرت لە دڵ داوم، هەتا پەڕ نیشتووە
ئەی چ جارت وا نەبوو دڵدۆزی وەک ئەم جاری تۆ

خۆت لە مە بێگانە دەگری و پێم دەڵێی بێگانە بووی
ئاشنا تا بووم، ئەمن بووم، وێستە وا ئەغیاری تۆ

گەر دەڵێی دڵ بۆ چی بەستەی زوڵفی وەک پەرگارتە
نوقتە لەو جێگە دەبێ، لێی بێ سەری پەرگاری تۆ

تۆ لەبت شیرین و خۆت شیرین و قامەت شیرینی
بۆیە وا نوتقی «ئەدەب» شیرینە بۆ تەکراری تۆ

Kurdish_Poetry