✓ کوردی (1809 - 1850)

ئەی دوڕی تاجی سەری شاهانی ئیقلیمی جیهان
شەمسی ئەفلاکی کەماڵ و شەمعی بەزمی عارفان

ئەی بە نادیدە، بە شوهرەت سەد وەکوو من عاشقت
وەی لە تاوی فیرقەتت عالەم هەموو ڕەنجیدەجان

سابیقەن پرسی کە دڵئەفسوردە و سەوداسەرم
یا لە سەرمایەی هەوا و میهر و شۆری دڵبەران

واقعەن شیرینسوئالێکە، بڵا لیکن دەبوو
مەسئەلە بڕوایە لای شەخسێکی دانا و حاڵزان

من دەڵێم شێواوە یەکسەر دەفعی کاروباری خۆم
سا چلۆن پێم دەکرێ ئیتر حەللی عوقدەی سائیلان

گەر دەپرسن مەنزڵ و شکڵ و لیباس و تائیفەی
ماڵیان نێزیک بە بەندیخانە و ئاشی ئەحان

ئەسمەرە، لاغەرتەنە، باڵامیانە، کەچکولاهـ
سوخمەسەوزە، مەیتەنئاڵە، چاوخومار، ئەبرۆکەمان

عاشق و دانا، موئەددەب، وەحشی، مەغروور و عەجوول
گەهـ دەڵێ سندان بە عاشق، گەهـ دەڵێ چاوم قوبان

زوودخیز و توندڕەوتە، مەستە دائیم چاوبەخەو
گاهـ بەدخوو و زاڵمە، گەهـ موشفیقە و شیرینزمان

سا لە هەر کوێ بێ کە مەستت کرد سوئالی لێ بکەی
ڕازی پەنهانی سەراسەر بۆت دەکا ئەڵبەت عەیان

ڕەهڕەوت قادر بێ بۆ ئیعتا و جەوابی مەسئەلەت
وەر نە «کوردی» ناتوانێ حاڵی خۆی بۆت کا عەیان

Kurdish_Poetry