٤٤٧٩
✓ ویساڵی (1902 - 1973)
ڕەفیقان سەیری ئامین کەن کە چ مومتاز و شیرینە
لە باغی جوانییا دائیم خەریکی ناز و گوڵچینە
لەبۆ ماچی دەمی کوڵمی تەماشا ئەرقەمی زوڵفی
بەمیسلی ئەژدەها هەر دوو چ مەنناعێکی پەرژینە
دوو سەد عاشق لەلای بمرن ئەبەد ڕوویان لەلا ناکا
ئەوەندەی عەیبە ئامینە کە چەند بێڕەحم و بێدینە
بە جوانی ماهی ڕوخساری لە نەوعێ مەست و مەغروورە
لە کەس باکی نییە ئەسڵەن، لە تیری تانە تەئمینە
بە تیری غەمزەیی نازی دڵ و جەرگم بریندارە
بحمدالله شەهیدم من، بە سوێی ئەو زامە خوێنینە
وەکوو مەجنوونی سەرگەشتە، هەمیشە جێم دەرودەشتە
لە عەشقی ڕوویی ئامینە کە دڵ هەر شوغڵی ناڵینە
ڕەفیقان ئێوە هەر وەک من تەماشای جوانی ئامین کەن
جەماڵی جوانی ڕەنگینە، بەڵی قابیل بە تەحسینە
دەمی ئاخر ئەگەر جارێ ببینم ڕوویی پڕنووری
سەلب نابێ ئیمانم، ئەو مردنەیشم لەلا ژینە
زەعیف و زەردی ئامینم، نەخۆشی دەردی ئامینم
لە دووری یاری شیرینم وجوودم خەیلێ بێتینە
ئەگەر بۆم بانگی ئامین کەن، بخوێنن سوورەتی یاسین
کە زیندوو ئەبمەوە دووبارە بە ئەو ئەلفازە شیرینە
«ویساڵی» دڵبریندارە، بە دەردی خۆی گرفتارە
شیفای ئەو دەرد و ئازارە، بە ماچی لێوی ئامینە
ڤەژینبوکس