٤٤٦٩
✓ قانع (1898 - 1965)
قانع بە ڕێبواری ئەدا بە لای پیرەژنێکی گۆزەکەردا. گۆزەڵەیەکی نیوەوشک و نیوەتەڕی بەرچاو دەکەوێت. بە نووکەچەقۆیەک ئەم دوو دێرە شێعرەی خوارەوە لە گۆزەڵەکە هەڵدەکەنێت. لە پاش سوورکردنەوەی گۆزەڵەکە، بە دیاری دەینێرێت بۆ بەڕێز هادی چاوشلی کە مدیر ناحیەی پێنجوێن بوو. ئەویش گۆزەڵەکەی ئەوەندە بەلاوە بەنرخ دەبێت لەسەر مێزی فەرمانگەکەی دای ئەنێت. دەستەیەک لە ئەدەبپەروەرانی شاری سلێمانی لەگەڵ مامۆستا پیرەمێرددا دەچن بۆ هاوینەهەواری چوارباخی پێنجوێن، لەوێش زیارەتی مامۆستا هادی مدیر ناحیە دەکەن و چاویان بە گۆزەڵەکە دەکەوێت. لێی دەپرسن ئەم گۆزەڵەیەت لە کوێ بوو؟ بەڕێزیشان لە وڵامدا دەڵێت: قانع بۆی ناردووم. کە گەڕانەوە هەر یەکەیان بە نامەیەک داوای گۆزەڵەیەک لە قانع دەکەن. قانعیش بەو سێ دێڕە شێعری خوارەوە وڵامیان دەداتەوە:
شێعری سەر گۆزەڵەکە:
ئاوی گۆزەڵەی خاکی کوردستان
خۆشترە لە ئاو سەرچاوەی لوبنان
کوردە بە یادی دەوری کەریم خان
بنۆشە قوم قوم بەفراوی کوێستان
وڵامی داواکاران:
نە خاوەنکارگە و نە هەوڕگەرم
نازانم پەنا بۆ لای کێ بەرم
گۆزەڵەی ئاوی ئەم کوردستانە
زادەی ئەفکاری پیرەژنانە
ببوورن، بە خوا گۆزەڵەم نییە
ئەرنا بۆ ئێوە قیمەتی چییە
قانع دیوانێکی خۆی بۆ گەورەپیاوێکی کوردپەروەر ئەنێرێت ئەم دوو دێرە شێعرەی لەسەر زەرفەکە دەنووسێت:
دیاری خوداپێداو زێڕە یان زیوە
دیاری من شێعری خوابڕیوە
باوەجوود قوربان حەزرەت سولێمان
کوللەی قبووڵ کرد لە مێروولەکان
ڤەژینبوکس