✓ مەحوی (1836 - 1906)

ئەو دەمە ڕۆحم لەسەر لەب بوو لەبەر دەردی فیراق
هات و زوو کردم بە پێ شاباشی، نعم الإتفاق

بێمە کوێ؟ دڵبەر وتی، گەر چاوە، تۆفانێکی ئەشک
دڵ، تەنووری ئاگری عیشق و خرۆشی ئیشتیاق

ئەو دوو ئەبرۆیە کە پەیوەستە بە جووتە، وەک هوما
سایەبانی چاوی بیمارن، لە عالەم بوونە تاق

مەحشەرێ هەستا کە هەستا ڕۆیی، ڕۆیی دووبەدووی
الوداعـێکی ئەوا ناڵەی هەزاران الفراق

هەر شوانێ کەی دەبێتە هەمقەرینی شاهی من
سواری کەر نابێ ببێتە هەمتەکی سواری بوراق

عەیشی ناخۆشە، سەری مەدهۆشە دایم زەڕپەرست
خاسسە هەر سەفرایە بۆتە موریسی تاڵی مەزاق

تا لە ماڵی دەرنەکردووی ئەم شەوی سەد شووکەرە
«مەحوی» ئازانە بدە تۆ سێبەسێ دنیا تەڵاق

Kurdish_Poetry